حكومەتی هەرێم بە نوسراو داوای موچەی سێ مانگی پێشمەرگە لە بەغدا دەكات
دوای ئەوەی مووچەی پێشمەرگە لە نێو بودجەی گشتی عێرا بۆ ساڵی 2019 جێكرایەوە, ئەو پارەیەی لە بودجەی 2019دا بۆ پێشمەرگە تەرخان كراوە، بەغدا نەیناردووە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش نووسراوی بۆ ناردنی پارەكە كردووە.
بە پێی زانیاریەكانی خواكوڕك: “ئەو بڕە پارەیەی بۆ پێشمەرگە لە بودجە تەرخان كراوە، بەغدا نەی ناردووە، مانگانە دەبێت 68 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان بكرێت، ئەوە سێ مانگە ئەو پارەیە نەنێردراوە كە دەكاتە 204 ملیار دینار، بۆیە لە وەزارەتی دارایی نووسراو بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە كراوە”.
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ مووچەی مانگانەی پێشمەرگە بڕی 140 ملیار دیناری پێویستە، لەوبارەیەوە لیوا بەكر سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند: “تا ئێستا 68 ملیار دینارەكەی پێشمەرگە نەنێردراوە، لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیداین و كار لەسەر ئەوە دەكرێت، كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگە بنێردرێت، چونكە لە بودجەدا پەسند كراوە و مافێكی یاسایی پێشمەرگەیە”.