ڤیان سەبری: سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی دەنگمان بە دوورختنەوەی پارێزگاری موسڵ دا
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لە بارەی دۆخی موسڵ و رووداوەكەی دوو رۆژی رابردووی ئەو پارێزگایە كۆبوویەوە, دوا جار بڕیاری دوور خستنەوەی پارێزگار و دوو جێگرەكەی درا, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق دەنگیان بە دوورخستنەوەی هەریەك لە نەوفەل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەكەی لە كارەكانیاندا.
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دەنگمان لە سەر دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و دوو جێگرەكەی لە پۆستەكانیان داوە.
گوتیشی، فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەیە، بارودۆخی مووسڵ باشتر ببێت و ئەو كەسانەش سزا بدرێن، كە لە رووداوی نقوومبوونی بەلەمێكی گواستنەوەی هاووڵاتییان لەو شارە كەمتەرخەم بوون.
دوای نغرۆبوونی كەشتییەك لە 21ی ئەم مانگە لە شاری مووسڵ، كە بووە هۆی خنكانی زیاتر لە 100 كەس و بێسەروشوێنبوونی دەیانی دیكە، خەڵكی ئەو شارە تووڕەیی خۆیان لە دژی كەمتەرخەمانی شارەكەیان هێنایە سەر شەقام و داوای سزادانی بەرپرسانی شارەكەیان كرد. بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكاریەش، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی رەهای پەرلەمانتاران پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەكەی لە كارەكانیان دوورخستنەوە.