ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: نازانین داهاتی پارێزگای سلێمانی چەندە چەند جارێك داوامان لە پارێزگار كردووە وەڵاممان ناداتەوە

 

دوای ئەوەی لە رابردوودا پرسی ئاشكراكردنی داهاتی پارێزگای موسڵ و گەڕاندنەوەی بۆ حكومەت زۆرترین قسەی لە بارەوە كرا, سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی و ئابوری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، وەكو ئەنجومەنی پارێزگا نازانین داهاتی سلێمانی چەندەو چەند جارێكیش داوامان لە پارێزگاری سلێمانی كردووە بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە.
كاسترۆ مەعروف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی و ئابوری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاندوە:” تا ئێستا نازانن داهاتی سلێمانی چەندە و وتی: “5 بۆ 6 جار داوامان لە پارێزگاری سلێمانی “د.هەڤاڵ ئەبوبەكر” كردووە پێمان بڵێت داهاتی سلێمانی چەندە و چۆن خەرج دەكرێت، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە”.
لەبارەی دروستكردنی بەنداو لە سلێمانی كاسترۆ مەعروف گوتی: “تا ئێستا نەتوانراوە سود لەو ئاوی باراناو وەربگیرێت و لە چەند بەنداوێكدا كۆبكرێتەوە، بەڵام بەپێی بەداواداچوونەكانمان حكومەت بەرنامەی دروستكردنی 100 بەنداوی بچوكی هەیە و لە ناوچەی خدران و قەمتەرانیش دوو بەنداو دروستدەكرێت”.

Back to top button