نێچیرڤان بارزانی: لە داهاتوو گەلی کوردستان دەبێتە خاوەن پێناسەی گەورەتر

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوو گەلی کوردستان دەبێتە خاوەن پێناسەی گەورەتر.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27-3-2019، رێوڕەسمێک بۆ پێدانی دکتۆرای فەخری لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین بە پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، گەورە زانای بیرکاریی، بەڕێوە چوو.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا کۆچەر بیرکاری بە مایەی شانازیی بۆ گەلی کوردستان دانا و رایگەیاند، کە ئەو لەبەر دوو هۆکار بڕیاری ئامادەبوونی لەو رێوڕەسمەدا داوە، کەبریتین لە:

یەکەم

بوونی پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەرە لێرە کە ئەم بۆنەیە تایبەتە بە جەنابیان.

دووەم

لەوانەیە کاتی ھاتبێت ئێمەش ڕای بگەیەنێت کە پێویستە ڕوو لە ژیانی شارستانێتیی ئاسایی بکەینەوە کە چەند ساڵێکە بەھۆی ئاڵۆزی و ژیانی شەڕەوە کەمێک دوور کەوتبووینەوە.

نێچیرڤان بارزانی داوای لە زانکۆی سەڵاحەدین کرد هۆڵێکی زانکۆ بەناوی هۆڵی کۆچەر بیرکار بکاتەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی فیڵدز لە بواری بیرکاری لەلایەن کۆچەر بیرکارەوە بە ”خەباتێکی گەورە“ی گەلی کوردستان ناساند و رایگەیاند، ”کوردستان پێشمەرگە و کەسی چاونەترسی زۆرە. ئەمڕۆ پێویستمان بە کەسانی لێھاتوو و زانای بواری زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشکیان بدەن“.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە خەباتی سەرکردەکانی پێشووی کورد وەک شێخ مەحمودی نەمر، پێشەوا قازی محەمەد و رێبەر مستەفا بارزانی و رایگەیاند، پێویستە گەنجانی ئێستای کوردستان کەسانی وەک پرۆفیسۆر بیرکار وەک سەرمەشقی خۆیان بزانن و بە شانازییەوە بچنە سەر گۆڕی سەرکردە باڵاکانی کورد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بوونی چەندین کەڵە زانای کورد لە مێژوودا کرد و رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پێناسەیەکی سەربخۆ بۆ کوردستان، ئەو زانایانە بەناوی گەلانی دیکەوە تۆمار کراون، بەڵام ئێستا ”کوردستان خاوەنی ھەیە و پێناسەمان ھەیە و لە ڕێزی گەلان داین، بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر“.

Back to top button