شێخ جەعفەر: سەرۆك بارزانی رۆلی گەورەی بینی لە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی تەنها بارزانی كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی لایە
دوای ئەوەی دوێنێ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتن لە بارەی پێ:هینانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕایگەیاند سەرۆك بارزانی رۆلی گەورەی بینی لە رێككەوتنی یەكێتی و پارتی بارزانی بەرپرسیاری یەكەمی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانە و تەنها ئەو كلیلی چارەسەری كێشەكان و گرێكوێرەكانی لەلایە.
شێخ جەعفەر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و فەرماندەی یەكەی ۷۰ ڕادگەیاند “ئەو ڕێككەوتنەی یەكێتی و پارتی یەكێكە لە زەرورەتەكانی تەبایی و یەكڕیزی میللەتەكەمان، بۆیە پێموایە پێش هەموو شتێ هاوپەیمانیەتی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا گرنگە، بەو هۆیەوە گەشەسەندن و ئاوەدانی زیاتر لە كوردستان دەبێت، میللەتیش پێویستی بە خزمەت و ئاوەدانی و ئەمنیەتە”.
فەرماندەی یەكەی ۷۰ی یەكێتی گوتی “هەموو ناكۆكی و ململانێیەك و دووركەوتنەوەیەك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، لە زیانی خەڵك تەواو دەبێت، بۆیە حەقە هەردوولا ئیرادە و داوای خەڵك بە باشی لەبەرچاو بگرن و یەكڕیز و تەبابن بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكەن”.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو ڕێككەوتنەی نێوان یەكێتی و پارتی لە هەموو ڕێككەوتنێكی دیكە گرنگترە.
هەروەها گوتی “ئەوانەی ئینكاری لەسەر پۆستەكان دەكەن یان بە شێوەیەك لەسەر پۆستێك یان شوێنێك كێشە دروست دەكەن، پێموایە ئەوە بەرپرسیارێتی نیە بەرامبەر خەڵكی كوردستان”.
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆك بارزانییشەوە لە ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا، شێخ جەعفەر گوتی “ئەگەر ڕاستت دەوێ ئەمڕۆ لە هەموو كێشەكان جەنابی كاك مەسعود بەرپرسی یەكەمە و تەنیا و تەنیا ئەوە كە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكان و كردنەوەی گرێكوێرەكانی لایە، بۆیە من پێموایە ئەو موبادەرەی پێشتر كاك كۆسرەت كردی و ئەویش بە شێوەیەكی ئەرێنی وەڵامی دایەوە، هەروەها بۆ ئەو ڕۆژەش كە بڕیار درا بەشداری لە كۆبوونەوەكان بكرێ، ئەویش هەر بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان جەنابی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت بوو”.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جەختی كردەوە “مرۆڤ دەبێ تەقدیر بۆ ئەو هەنگاوە دابنێ، چونكە ئەگەر ئەو تەلەفۆن و هەنگاوە نەبوایە، پێموایە لێكتێگەیشتنی وا لەم دۆخە دروست نەدەبوو، نەدەگەیشتینە هاوپەیمانیەتی، دوژمنانیش سوود لە دووركەوتنەوەی یەكێتی و پارتی وەردەگرن و هەنگاوی بەرپرسیارانە ئەوە بوو كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نرا.