مه‌سرور بارزانی پێشوازیی له‌ شاندێكی پیاوانی ئایینی ئه‌رمه‌نی ده‌كات

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 7-4-2019 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ شاندێكی پیاوانی ئایینی ئه‌رمه‌نی كرد، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك مه‌ترانی ئه‌رمه‌ن له‌ وڵاتانی جیهان پێكهاتبوو.

له‌م دیداره‌دا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و ره‌وشی كریستانه‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌شتی نه‌ینه‌وا تاوتوێ كرا و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌، پێویسته‌ به‌ هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان زه‌مینه‌ی ره‌خساندنی ژیان و گوزه‌رانێكی شایسته‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستانه‌ ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا بڕه‌خسێندرێت.

مه‌سرور بارزانی خۆراگری و په‌یوه‌ستبوونی برایانی كریستان به‌ زێدی خۆیان و مانه‌وه‌یان له‌وڵات به‌پێویستی زانی بۆ رێگری كردن له‌و هه‌وڵانه‌ی ئامانجیان سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه‌كانیانه‌ و رایگه‌یاند، پاڵپشتیمان بۆ ماف و داخوازییه‌كانی برایانی كریستان به‌ گشتی و هاولاتیانی ئه‌رمه‌نی به‌رده‌وام ده‌بێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ له‌ هیچ بارودۆخێكدا گه‌لی كوردستان ده‌ستبه‌رداری فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان نابێت، كه‌ به‌درێژایی مێژوو له‌ هزریدا ره‌گ داكوتاوه‌ و گوتی: كوردستان هه‌میشه‌ به‌ ناوه‌ندی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی گشت نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزاكان ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی میوان سوپاسی سه‌رۆك بارزانی و گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، كه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاكاند په‌نا و داڵده‌ی كریستانه‌كانی عێراقی داوه‌ و له‌ كردنه‌وه‌ی كلێسه‌ی ئه‌رمه‌نی له‌ هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان هاوكار و پالپشت بوونه‌ و له‌ كۆتاییشدا ئاواتی سه‌ركه‌وتنیان بۆ كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خواست.

 

Back to top button