“كەمتر لە ٥٠٠ هەزار مەسیحی لە عێراق ماون”

مەسیحییەكانی عێراق خەریكە لەو وڵاتە بێهیوا دەبن و رۆژ بە رۆژ ژمارەیان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بە گوتەی نوێنەری مەسیحییەكانیش لە خولی پێشووی پەرلەمان، لە ئێستادا لە كۆی ملیۆنێك و٥٠٠ هەزار كەس، ژمارەیان بۆ كەمتر لە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی كەم بووەتەوە، ئەوانیش زۆرینەیان لە ھەرێمی كوردستانن.

لویس روفائیل ساكۆ، كاردیناڵی مەسیحییەكان لە عێراق، لە راپۆرتێكدا لەبارەی دۆخی مەسیحییەكانی عێراقەوە، باس لەوە دەكات كە دوای شەڕی داعش دۆخی مەسیحییەكان بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت، بۆیە پێویستە بەرپرسانی عێراق ئاگاداری دۆخی خراپی مەسیحییەكان بن.

ساكۆ ئاماژەی بەوەش كردووە، چەندین جار داواكارییان گەیاندووەتە حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەیبۆیان جێبەجێ بكرێت، بەڵام بێسود بووە و ھیچی جێبەجێ نەكراوە.

كاردیناڵی مەسیحییەكان لە عێراق ڕوونیشی كردووەتەوە، دوای شكەستخواردنی داعش لە عێراق، بەردەوام تەعەدا لە مەسیحییەكان دەكرێت و خانووەكانیان دەڕووخێندرێن و ماڵ و سامانیان دەدزرێت، بۆیە ترساون و ھەوڵی كۆچكردن دەدەن.

لای خۆشیەوە، نوێنەری مەسیحییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، وەحیدە یاقۆ ھورمز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “گوتەكانی كاردیناڵ زۆر راستن و زانیاریی تەواوی ھەیە و ئێمەش ئاگادارین، چونكە لە دەشتی نەینەوا و بەغدا تەعەدای زۆر لە مەسیحییەكان دەكرێت و گۆڕانكاری لە دیموگرافیای ناوچەكانیاندا دەكرێت و تەعریب دەكرێن، تەنانەت ئەگەر بزانن مەسیحین داشیاننامەزرێنن، بۆیە ھەمووان ھەوڵی كۆچكردن دەدەن و ئێستا ئەوەی ماویشن لە ھەرێمی كوردستانن، چونكە لە عێراق ژیان بۆ مەسیحییەكان زۆر ئەستەم بووە”.

ھورمز گوتیشی: “كۆچكردنی مەسیحییەكان بەردەوامە و پێش شەڕی داعش ملیۆنێك و٥٠٠ هەزار كەس بوون، بەڵام ئێستا بوونەتە كەمتر لە ٥٠٠ھەزار كەس، كە ئەوانیش زۆرینەی رەھا لە ھەرێمی كوردستانن و لە عێراق زۆر كەمن”.

Back to top button