عومەر عینایەت: یەکێتی ھێزی چەکداری نەمێنێ دەسەڵاتی لە سلێمانیش نامێنێت

پەرلەمانتارێکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆکاری مانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مانەوەی هێزی چەکداریی ئەو حزبە دەبەستێتەوە و ڕای دەگەیەنێت کە هەر کاتێک هێزە چەکدارییەکەی نەما، یەکێتی لە سلێمانیش دەسەڵاتی نامێنێت.

عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: ”یەکێتی دەرفەتی ئەوەی قۆستووەتەوە کە ھێزی چەکداری بەدەستەوەیە و دوو ئیدارەیی بە زەقی لە ھەرێم بوونی ھەبووە و دەبێت، تا ئەو کاتەی ھێزێکی نیشتمانی دروست دەکرێت کە فەرمانی سەرۆکی ھەرێم لە زاخۆ و ھەولێر و ھەڵەبجە و سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، واتە پەیوەندی بە حزبەوە نەبێت، ئەگەر حزب دەست لە یەخەی حکوومەت نەکاتەوە، ئەوا ئەم ناز و بیانووانە یەکێتی ھەر دەیکات“.

ڕوونی کردەوە کە یەکێک لە بەرنامەکانی بزووتنەوەکەی، بەنیشتمانیکردن و دامەزراوەییکردنی ھەموو ھێزە چەکدارەکانە، بۆ ئەوەی لە کۆتایی حکوومەتدا ئەو ھێزانە کاری خۆیان بکەن، بەڵام ”یەکێتی لەوە دەترسێت ئەو دەسەڵاتەی لە ناوچەی سلێمانی و ھەڵەبجە و پێنجوێن و بتوێن ھەیانە، ئەگەر ھێزی چەکداری نەمێنێت، بێگومان ئەم کورسییانەی پەرلەمان ناھێنێت و ئەو دەسەڵاتەی ناوچەی سلێمانیشی نامێنێت“.

بە پیویستیشی زانی کە ئەو کەسانەی کار لە دامەزراوەیەک دەکەن، پابەندی ڕێنمایی و یاساکان بن، ”کاتێک کەسێک لەسەر کورسیی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دادەنیشێت، دەبێ بیری بچێ گۆڕانە، ئەمە بۆ پارتی و یەکێتیش ھەمان شتە“.

Back to top button