حكوومەتی هەرێم 25 هەزار دیناری لهسهر پاسپۆرتی گەشتیارانی ئێرانی هەڵگرت
بە هۆی نەمانی پارەی ڤیزا و ئەو 25 هەزار دینارەی لە دیوی هەرێم لە گەشتیاران وەردەگیرا، ئێستا رۆژانە زیاتر لە 4 هەزار گەشتیار بە دەروازەی حاجی ئۆمەراندا هاتوچۆ دەكەن، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو سنوورەش، هەموو كارئاسانییەك بۆ گەشتیاران كراوە.
بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەو 25 هەزارەی كە لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرا، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لە گەشتیاران وەرناگیرێت، ئەوەش وای كردووە كە رێژەی هاتوچۆكردنی گەشتیاران دووبەرابەر بێت، گەشتیارانی ئێرانییش سوپاسی سەرۆكوەزیرانی كوردستان دەكەن بۆ ئەو بڕیارەی.
زرار حوسێن، بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: “بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنی رسومات لە گەشتیارانی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی، كە بڕەكەی 25 هەزار دینار بوو، هەڵگیراوە، لە كاتی لێدانی ڤیزاش بۆ گەشتیارانی هەرێم، هیچ بڕەپارەیەك وەرناگیرێت، ئەوەش وای كردووە كە رۆژانە زیاتر لە 4 هەزار گەشتیار تەنیا لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هاتوچۆ بكەن، رۆژانەش رێژەكە بەرز دەبێتەوە”.
حوسێن گوتیشی: “ئێمە لە دیوی هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە و بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكەین و ژمارەی كۆمپیوتەرەكانی خۆمان زیاد كردووە، ئەمەش بۆ ئەوەیە گەشتیاران لە ماوەیەكی زوودا مامەڵەكانیان تەواو بكەن و دەست بە گەشتی خۆیان بكەن”.