شاناز ئیبراهیم: كۆسرەت رەسول بەربەستە لەبەردەم كۆنگرەی یەكێتی

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە هۆی كێشە ناوخۆییەكانی و باڵباڵێنی نێو ئەو حزبە ناتوانرێت كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێت لە كاتێكدا بە پێی پەیرەوی ناوخۆی ئەو حزبە دەبوایە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا كۆنگرەكە ببەسترایە, بەرپرسی رێكخستنەكانی یەكێتی لە دەرەوەش دەڵێت یەكێتی ناوێرێت كۆنگرە ببەستێت هۆكارەكەشی خودی كۆسرەت رەسوڵە كە پێمانی گوت 48 كاتژمێر بوەستن بۆ دیاری كردنی كاتی بەستنی كۆنگرە، كەچی بوو بە 10 هەزاركاتژمێر.

شاناز برایم لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نووسیویەتی ساڵانێكە یەكێتی بە دەست چەندین كێشەی ناوخۆیی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێ و هۆكاری هەموو كێشەكانیش نەبەستنی كۆنگرەیە.

لە بەشێكی نووسینەكەدا هۆكاری نەبەستنی كۆنگرەی خستووەتە ئەستۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی و دەڵێ لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار داواكاری و هەوڵی بەستنی كۆنگرە هەبووە، بەڵام بە داخەوە هەر جارێك بە بیانووی جیاواز بەرپەرچی ئەو خواستەیان داوەتەوە.

شاناز برایم نووسیویەتی كە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە چەندین بیانووی وەك شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، نەبوونی یەكڕیزی كورد، تەڵاقدانی بەغدا، دۆخی خراپی كەركووك، ترسی جیابوونەوە، هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردنی كوردستان گەڕانەوەی هاودیدان و هەڵبژاردنی سەركۆمار بەردەوام بەستنی كۆنگرەیان دواخستووە.

 

هەروەها بە تەنزەوە نووسیویەتی ساڵی رابردوو بڕیار بوو لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرە رابگەیەنن، بەڵام لەسەر داوای كۆسرەت رەسول جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی ڕاگەیاندنی ڕۆژی بەستنی كۆنگرە دواخرا و داوای 48 كاتژمێر مۆڵەتی كرد، كەچی 10 هەزار و 224 كاتژمێر بەسەر داواكارییەكەی بەڕێزیاندا تێدەپەڕی.

دەشڵێ “ئێستە هیچ بیانووەك نەماوە بۆ نەبەستنی كۆنگرە، یەكە بە یەكەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و جێگری سكرتێری گشتی زیاتر لە هەر كەسێك بەرپرسیاریەتیان دەكەوێتە ئەستۆ. ئومێدەوارم كە بە ئەركی خۆتان هەڵبستن، لەپێناو ئاسودەكردنی ویژدانی خۆتان. چیتر جەماوەر و كادیرانی یەكێتی لە دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانی بەستنی كۆنگرەدا لەوە زیاتر بێ هیوا نەبن لە حزبەكە”.

Back to top button