راگەیێندراوێكی بەپەلە لە بزووتنەوەی گۆڕان
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو بە هۆی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری یەكێتی كەركووك و بەشێكی زۆری خاكی كوردستانی رادەستی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانكرد, لەو كاتەوە تا ئێستا كەركووك و ناچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە حوكمی سەربازی بەڕێوەدەچن, ئەمەش وای كردووە كە كورد رووبەرووی چەوساندنەوەو تەعریب ببێتەوە, لە بارەی دۆخی ئەو ناوچانە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە كە میللەتی كورد و بەشێك لە گەلانی ناوچەكە، بە سەدان ساڵە پاكتاو دەكرێن و خاكەكەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزپەرستەوە داگیر دەكرێت، لەم رووەوە كەركووك، خانەقین، شەنگال، دوز، مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەكەمی داگیركەران بوون.
بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە داوە كە روخانی قەڵای رەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێدبەخش بوو، بەڵام ئەوە زیاتر لە 15 ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندراوەكەدا داوای كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكان دەكات و رایدەگەیەنێ لەم روانگەیەوە و لە پەرۆشی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ دۆخەكە و دوارۆژی وڵات و میللەتەكە، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەن، بە یەكەوە كۆبوونەوەیەكی لوتكەیی ساز بكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە تایبەت بە دۆخی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان و مەترسییەكانی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكەدا:
هاونیشتمانیانی خۆشەویست…
خەڵكی كوردستان و بەشێكی گەلانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیاش ئەو راستییە دەزانن، كە میللەتی كورد و بەشێك لە گەلانی ناوچەكە، بەسەدان ساڵە پاكتاو دەكرێن و خاكەكەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزپەرستەوە داگیر دەكرێت، لەم رووەوە كەركوك و خانەقین و شەنگال و دوز و مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەكەمی داگیركەران بوون.
روخانی قەڵای رەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێد بەخش بوو، بۆ گەلانی زوڵم لێكراوی عێراق و بۆ گەڕاندنەوەی خاك و مافی گەلانی كورد و توركمان و كلد و ئاشور و پێكهاتەی شیعە لە خواروی عێراق، لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.
بەڵام، ئەوە زیاتر لە (15) پانزە ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەی ( 140 )ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە، بەهۆی بیری نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی دەسەڵاتدارانی حكومەتی فیدراڵی لە عێراق و بەفشار و هاوكاری و پشتگیری دەوڵەتانی ناوچەكە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە نەبوونی گوتاری یەكگرتوو و یەكهەڵوێستی سیاسیی كورد لە بەغداد و ناوچە جێناكۆكەكان و دروستنەبوونی هەرێمێكی یەكگرتوو و حكومەتێكی نیشتمانی و هێزێكی نیشتیمانی و ئابورییەكی نیشتمانی لە كوردستان و سەرقاڵبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، هۆكارێكی تری سەرەكی بوون، بۆ بێمنەتی بەغداد و خۆدزینەوەیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و مافە دەستورییەكانی تری خەڵكی كوردستان.
سەرەنجام بەهۆی نەبوونی وتاری یەكگرتووی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و هەڵوێستی سیاسی جیاواز و ناواقیعانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەڵوێستی جیاوازیان لە كاروباری ئەمنی و سەربازی و هتد.. هەلی تەواوی رەخساند بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكاندا بگرێت، تاكلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حكومرانی ئەو ناوچانە بكات، بەم جۆرە جارێكیتر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا، كەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیركردن و پاكتاوكردن و تەعریبكردن ، ئەمجارە لەسەر دەستی زوڵم لێكراوەكانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەكانی ئەمرۆی عێراق.
هاونیشتمانیانی بەڕێز…
هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت، هەڕەشە و مەترسی ئەوەی لەسەرە، ببن بە مەیدانی جەنگێكی مەترسیدار و وێرانكەر، كە بێگومان لێكەوتەكانی زیانی ئابوری و سیاسی زۆرقورسیان دەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە.
لەم روانگەیەوە و لە پەرۆشیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دۆخەكە و دوارۆژی وڵات و میللەتەكەمان، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبوونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان.