ژمارەیەك كوردی ئێزدی لە زیندانەكانی داعش رزگار دەكران
خواكوڕك
دووای نزیك بە دووساڵ لە رفاندنیان لە لایەن چەكدارانی داعش ژمارەیەك هاوڵاتی ئێزیدی خۆیان دەگەیێنە سەنگەرەكانی پێشمەرگە, بەرپرسانی پەیوەست بە بەدواداچوون بۆ كەیسی رفێندراوان ئاماژە بۆ بوونی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی رفێندراوی كورد دەكات لەژێر دەستی داعش.
لەبارەی ئازادكراوان ملازم (رێزان هەكاری) لەهێزەكانی پێشمەرگە بەرۆژنامەنوسانی راگەیاندوە” ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە) 18 زیندانی ئێزیدی توانیویانە لەژێر دەستی داعش لەقەزای تەلەعفەر بە هاوكاری پێشمەرگە خۆیان بگەیەننە سەنگەرەكانمان لەقەزای شەنگال كە ئازاد بووان 9 كەسیان خێزانی یەك خانەوادەن”.
بەپێی لێدوانی رزگار بووەكان كە رایانگەیاندووە” سەرمان سوڕما لەوەی چەكدارەكانی داعش لەو كێڵگەیەدا نەماون كەكارمان تێدا دەكردو دەستبەجێ بەرەو شەنگال بەڕێكەوتینو خۆمان گەیاندە هێزەكانی پێشمەرگەو تەندروستیشمان باشە”.
لەلای خۆیەوە حسێن قائیدی بەڕێوەبەری نوسینگەی كاروباروی رفێنراوەكان رایگەیاند “ئەو ئێزدییانەی كە رزگاربون لەژێر دەستی داعش پێكهاتون لە2 پیاوو7ژنو كچو 9 منداڵی كوڕو كچ” بە هاوكاری دەزگای ئاسایی دهۆكو پێشمەرگە رزگار كراون.
قائیدی جەغتی لەسەر ئەوە كردەوە كە ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتی ئێزیدی لەژێر دەستی داعش لەقەزای تەلەعفەرو شاری موسڵ ماونو هەروەها زۆرێكی تریشیان بەرەو شاری رەقەی سوریا گواستراونەتەوە.