وەزارەتی كارەبا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكدا دەكات
بەرێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەوەزارەتی كارەبا راگەیاند، رێكەوتنیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكدا كردووە بۆ دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرچاوەی وزەی خۆرەوە.
دیار تاهیر بەرێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەوەزارەتی كارەبا راگەیاند: لەئێستادا لێكۆڵینەوەكانیان ئامادەكردووەو لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییەكاندا لەگفتوگۆدان و زانیارییەكان ئاڵوگۆڕ دەكەن تاوەكو بتوانن رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ وەربگرن و بەشێوەیەكی وەبەرهێن جێبەجێ بكرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە: بەپێی لێكۆڵینەوەكان هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرچاوەی وزەی خۆرو لەئێستاشدا لەشاری هەولێر دوو ساڵە سێ پرۆژەی بچكووك جێبەجێكراوە كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بودجەكەی بۆ دابینكرابوو كە ئەوانیش دوو قوتابخانەن لەعەنكاوەو كۆیە، لەگەڵ نەخۆشخانەیەك لەكەسنەزان و 24 كاتژمێ وزەی كارەبا بۆ ئەو سێ دامەزراوەیە دابین دەكەن، ئەوەش تەنها وەكو تێستێكی سەرەتایی بووەو سەركەوتوو بوون.