سكرتێری حزبی شیوعی: رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل بە عێراق كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرناكات

 

دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامی و پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان, سكالایان دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرد لەوەی كە نەوت رادەستی بەغدا ناكات, لە كاتێكدا هێشتان یاسای نەوت و گاز لە عێراقدا جێبەجێنەكراوە, سكرتێری حزبی شیوعیش رایدەگەیەنێت:” رادەستكردنی نەوت كێشەكانی هەولێر و بەغدا چارەسەر ناكات”.

كاوە مەحموود، سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان دەڵێت: لەو باوەڕەدا نیم رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە بەغدا، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكات، چونكە وەك ئاماژەی پێدا، رەگ و ریشەی كێشەكان لەمێژینەن و بۆ چارەسەركردن پێویستییان بە زەمینەسازی باش و لەبار هەیە.

لەكاتێكیشدا چاوەرێ دەكرێت، لە كابینەی تازەی حكوومەتی ھەرێم، بەرەوپێشەوەچوونی باش بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبێت، پێشنیازیش كراوە وەزارەتێكی تایبەت بۆ پەیوەندی نێوان دوو حكوومەتی یەك جوگرافیا، لەنێوان ھەو دوو لا دابمەزرێت.

Back to top button