“ھەزاران خانوو لە دھۆک تاپۆ دەکرێن”

بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەپێی بڕیار و ڕێنمایی، ئەو خانووانەی تا ئێستا تاپۆ نەکراون بڕیاری تاپۆکردنیان بۆ دەرچووە و دەڵێ، لە قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای دھۆک ٢٧ ھەزار کەس فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەیە و سوودمەند نەبوونە.

دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بە ھۆکاری جیاجیا بە ھەزار خانوو لە سەنتەری شاری دھۆک و قەزا و ناحیەکان ھەن کە ھێشتا تاپۆ نەکراون، بەڵام بڕیاری تاپۆکردنیان بۆ دەرچووە و لیژنەیەک لە دیوانی پارێزگای دھۆک خەریکی دانانی پلانی تاپۆکردنی خانووەکانە، دەمانەوێ بە ڕێگای یاساوە ھەر خانوویەک کێشەی تێدا نەبێت و تا ئێستا تاپۆ نەکرابێت، تاپۆی سەر خاوەنەکەی بکرێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک گوتیشی: “بەشێک لەو خانووانە ساڵانی پێشتر بە زێدەڕۆیی دروست کراون، بەڵام ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی جیادا دەرباز بووە و ساڵانێکی زۆر بەسەر دروستکردنیاندا تێپەڕیوە، دەمانەوێ ھەم حکوومەت و ھەمیش ھاووڵاتییان لەو کێشەیە ڕزگاریان بێت، ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێ ھاووڵاتی زێدەڕۆیی بکەنە سەر مڵکی گشتی و لەسەریان تاپۆ بکرێت.”

دیار بەحری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دابەشکردنی زەوی ڕاگیراوە، بەڵام بەر لەوەی فەرمانەکە دەربچێت ٢٧ ھەزار فەرمانی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی دھۆک ھەبووە و مافی سوودمەندبوونیان ھەیە، کە لە مامۆستا و پێشمەرگە و ھەموو چینەکان پێک ھاتوون، دەمانەوێ ئەوانە سوودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی، بەڵام کێشەی بەردەمی دابەشکردنی زەوی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ژمارە زەوییەمان لەبەردەست نییە.”

Back to top button