سیروان عەبدوڵا : بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی پەرلەمانی عێراق دیاری كرا
محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوی فەرمی، بڕیاری دەستبەكاربوونی بۆ سیروان عەبدوڵا ئیسماعیل دەركرد وەك ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بڕیارەكەی حەلبووسی بە ژمارە (119) ئەمڕۆ دەرچووە، كۆپیەكی دهست “خواكوڕك” گەیشتووە، بەپێی ناوەڕۆكی بڕیارەكە بێت، سیروان عەبدوڵا ئیسماعیل بە پلەی وەزیر پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێ دراوە لە جێگەی سەڵاح جاسم محەمەد جێگری ئەمینداری گشتی كە بە وەكالەت كارەكانی ئەمینداری لە پێشتردا ئەنجام داوە.
بەپێی نووسراوەكە بێت، سیروان عەبدوڵا بڕوانامەی ماستەری هەیە لە سەركردایەتی و پەروەردە لە زانكۆی سانت مێری ئەمەریكیی بۆ ساڵی خوێندنی (2008- 2009) تەواو كردووە. هاوكات پەرلەمانتاری خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە 2009 بۆ 2013، پۆستەكەشی وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان پێدراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئاسۆ فەرەیدوون لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ هەمان پۆست كاندید بوو.
سیروان عەبدوڵا بە تەواوی دەسەڵاتەكان و ئیمتیازاتەكان و بە پلەی وەزیر، لەو پۆستەدا بەردەوام دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی كارەكانی پەرلەمان دەكات لە رووی كارگێڕی و دارایی و تەناهی.
27
وشە – فهرمان سادق