نێچیرڤان بارزانی نهێنیەك لەسەر دانووستاندنەكان ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، چاوەڕێین هێزە سیاسییەکان لەبەر ڕۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی گفتوگۆ بکەن و کێشەکان چارە بکەن. گوتیشی، هەر لایەنێک مەرجی نەبێ بۆ دانیشتن، ئێمە لەگەڵیاندا کۆ دەبینەوە، بەڵام کە مەرج هەبێ لەگەڵیاندا کۆ نابینەوە. لەبارەی دۆسیەی تیرۆرکردنی د. ،وشیار ئیسماعیل ـشەوە گوتی، هەواڵی دڵخۆشکەر هەیە.
لە پاش کۆتاییی پەیامەکەی لە مەراسیمی هەڵمەت بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژناندا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تیرۆرکردنی د. وشیار ئیسماعیل ەوە وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە گوتی، تیرۆرکردنی ڕووداوێکی زۆر ناخۆش بوو، لەو کاتەوە هێزەکانی ئاسایش کاری خۆیان کردووە و هەوالێ دڵخۆشکەر هەیە؛ کاری جیددی کراوە، دیارە دەستگاکانی ئاسایش لێکۆڵینەوەی وردیان کردووە و لەم یەکدووڕۆژەدا بۆ خەڵکی کوردستانی رادەگەیەنن.
لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دواسەردانییەوە بۆ تورکیا گوتی، سەردانی ئێمە بۆ تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکانمانە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەو سەردانەشدا بۆ تورکیا و لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و کاربەدەستانی ئەو وڵاتەدا پێوەندییەکانی هەرێم و تورکیا و تورکیا و عێراق، هەروەها دۆخی مووسڵ و پاش ڕزگارکردنی و چۆنیەتیی هاوکاریکردنی ئاوارەکان و جارەنووسیان خراوەتە بەر باسەوە.. هەروەها لەگەڵ سەرۆککۆماردا باسی هەدەپە و دەستگیرکردنیان بابەتێکی دیکە بوو کە باسمان کرد.
گوتیشی، ئەوەی لە تورکیا ڕوو دەدا هەڵەی بە تەنیا لایەنێک نییە، بابەتێکی تەواو نێوخۆییشە، بە هاوکاری و یارمەتیی ئێمە پێک بێ دەیدەین.
دەربارەی بەیاساییکردنی حەشدیشەعبییەوە ڕایگەیاند، ئەو ڕۆڵە گرینگەی لە شەڕی داعشدا حەشدیشەعبی بینیویەتی، لەبەرچاو دەگرین. بەڵام دەبوو پێشمەرگەش بخرێتە چوارچێوەی بایەخی حکوومەتی بەغدا و داواکانی هێزی پێشمەرگەش وەک حەشدیشەعىی بخرێتە بەرچاو.. ئەم سیاسەتە دووفاقییەی حکوومەتی عێراق باش نییە، خۆ دەکرا پێشمەرگە بخرێتە نێو سیستمی بەرگریی عێراقەوە و ماف و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێت.
لەبارەی ڕێککەوتنەکانەوە لەگەڵ عێراقیشدا سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، لە ٢٠١٤ـەوە کە عێراق بودجەی کوردستانی بڕی، بۆیە بە ناچاری نەوتمان ڕەوانەی دەرەوە کرد. نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، دووپاتی دەکەمەوە کە ئەگەر چارەیەک هەبێ و بەرژەوەندییەکانی هەرێم مسۆگەر بێ، ئەولەویەتی هەرێم ڕێککەوتن دەبێ لەگەڵ بەغدا و ئامادەین بچینە بەغدایش. بەڵام ڕاستییەک هەیە دەبێ بزانرێ کە خۆی ئەوانیش کێشەی بودجەیان هەیە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان پارەی یەدەگیان هەیە و بەکاری دێنن. خۆ ئەگەر بێت و بەڵینی دانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدەن، ئامادەین بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدادا.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە ساسییەکانی هەرێمی کوردستاندا لە پاش بانەگوازی یان پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دەڵێ، دەبوو لە سەرەتای شەڕی دژی داعشەوە ئەولەیەتی کۆی لایەنەکان شەڕ بوایە نەک دروستکردنی بابەتێک تا دۆخی هەرێم وا ئاڵۆز ببێ. هەڵبەت پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم زۆر ڕوونە بۆ پێکەوەهەڵکردن، بەڵام پرسیار ئەوەیە لایەنەکان چەندە بەپیر دەستپێشخەرییەکەیەوە دێن تا گرفتەکان چارە بکرێن؟.
لەبارەی ئەوەیشەوە کە پارتی ئامادەیە لەگەڵ کۆی لایەنەکاندا کۆ ببێتەوە، سەرۆکوەزیران راگەیاند، هەر لایەنێک مەرجی نەبێ بۆ دانیشتن، ئێمە لەگەڵیاندا کۆ دەبینەوە، بەڵام کە مەرج هەبێ لەگەڵیاندا کۆ نابینەوە.
نێچیرڤان بارزانی دەربارەی مووجەی فەرمانبەرانیس ڕایگەیاند، ئێستا هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە ئەو بەڵێنانەی داومانە جێبەجێ بکەین. بە گوێرەی بەرنامەکەیشی دامانناوە نامانەوێ مووچەی فەرمانبەر بفەوتێ. بەڵام ئێمە لەبارێکی دارایی خراپداین، حکوومەت لەبەر دۆخە داراییەکەی نەیتوانیوە دۆخی مووچە چارە بکات، بەڵام ئەوەی کە دەگوترێ پارە هەیە و حکوومەت نایدا، وا نییە.