بەهجەت عەلی سپینداری: نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی داوە كێشەی كەمی كارەبای دهۆك چارە بكات

پەرلەمانتارێكی پارتی رایدەگەیەنێت، وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كورستان ئاگاداری كێشەی كارەبای دهۆكن و فڕاكسیۆنەكەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمیش لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەكیان بۆ بدۆزنەوە، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی داوە بە جیددی كار لەسەر چارەكردنی كێشەی كەمیی كارەبای دهۆك بكات.

بەهجەت عەلی سپینداری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، وەك فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان باش دەزانن پارێزگای دهۆك كێشەی كارەبای هەیە، هەروەها بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوە خەڵكی ئەو دەڤەرە زیاتر پێویستی بە كارەبا هەیە، فڕاكسیۆنەكەیشیان كار بۆ چارەكردنی كێشەی كەمیی كارەبای پارێزگاكە دەكات.

سپینداری جەختیشی لەوە كردەوە، فڕاكسیۆنی پارتی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و بە تایبەتیش لەگەڵ سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەسەر هێڵن، تا بە زووترین كات رێگەچارەیان بۆ بدۆزنەوە و تا رادەیەكی باش كێشەكەیان چارە بكەن، هاوكات بە نامەیەكیش كێشەی كەمیی كارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری كارەباشیان خستووەتە بەردەم سەرۆكی هەرێم، هاوكات نێچیرڤان بارزانیش بەڵێنی داوە، كە بە جیددی كار لەسەر چارەكردنی كێشەی كەمیی كارەبای دهۆك بكات.

بەهجەت عەلی ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان وەك فڕاكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هەمیشە كار بۆ خزمەتكردن و وەدیهێنانی داخوازییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبن، كە وەك پەرلەمانتار لەسەر شانیانە.

Back to top button