پەكەكە: ئەوانەی كەركووكیان فرۆشت ئەمڕۆ چاوساغی بۆتوركیا دەكەن, بەرپرسی دژە تیرۆری یەكێتیش رایدەگەیەنێت بەرژەوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا بە پەكەكە ناگۆڕینەوە


دوای ئەوەی دوێنێ‌ ئەندامێكی كۆنسەی گشتی پەكەكە بەناوی دیار غەریب لە لایەن فڕۆكە جەنگەیەكانی توركیا كرایە ئامانج لەگەڵ دوو گەڕیلای دیكە كوژران, میدیاكانی توركیا و هاوكات میدیاكانی نزیك لە پەكەكە رایانگەیاند كە بەئامانجگرتنی ئەو سەركردەیەیی پەكەكە بە هاوكاری گرووپێك لە باشووری كوردستان بووە, دوای راگەیێندراوەكەی پەكەكە پۆلات جەنگی كە سەرپەرشتی دژە تیرۆری یەكێتیە رایگەیاندووە كە ئەوان پەكەكە بە بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا ناگۆڕنەوە.

پۆڵات جەنگی سەرپەرشتیاری دژە تیرۆری یەكێتی كە برازای جەڵال تالەبانیە لە لێدوانێكی میدیایی رایگەیاندووە كە پەكەكە بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەلكی ناوچە سنوریەكانی باشوری كوردستان, ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبێت توركیا ناتوانێت تەنانەت یەك گولـلەش بە ڕووی باشوری كوردستاندا بتەقێنێت”.

پۆڵات جەنگی راشیگەیاندووە كە نەك تەنها بۆ ناوچە سنوریەكان تەنانەت پەكەكە بەربەستی بەردەم ئاشتی ناوچەكەو پەیوەندیەكانی یەكێتی و توركیا بووە, بەڵام لە ئێستادا ئێمە ئامادەنین بەرژەوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا بە پەكەكە بگۆڕینەوە, چونكە پەكەكە لە زیان زیاتر بۆ باشوری كوردستان چەندین ساڵە لێرەن هیچی تریان نەبووە.

لە بەرامبەردا سەركردەیەكی پەكەكە دەڵێت:” ئەوانەی دوێنێ‌ كەركووكیان فرۆشت ئەمڕۆ چاوساغی بۆتوركیا دەكەن, هێشتان خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر لە زاكیرەی خەلكی كوردستان نەسڕاوەتەوە دەستیان بە كارێكی دیكەی چەپەڵ كردووە كە چاوساغیە بۆتوركیا, ئێستا ئەوان پێگەی جەماوەریان كەوتۆتە مەترسیەوە دەست دەبەن بۆ پنجێكی بچووكی گیا تا خۆیان بگرنەوە, بەڵام رووداوی دووساڵ پێش ئێستاو ئەوەی ئەمڕۆ لە ئارادایە كۆتای یەكجارەكی ئەو هێزەسیاسیەیە كە وەك كۆمپانیا لە كوردستان دەڕوانن”.

خواكوڕك زانیویەتی یەكێـتی دوێنێ‌ هێزێكی زۆری دژە تیرۆری جوڵاندووە بۆ ناوچەی بشدەر, لە ئێستادا ئەو هێزە لە سەربازگەی مەشقی قەزای راپەرین و چەند ناوچەیەكی نزیك لە ناحیەیی ژاراوەیە.
Back to top button