رۆژنامەنوسێكی یەكێتی:” بەرهەم ساڵح پسپۆری كوتەلسازیە, چونكە خۆی لەسەر بنەمای كولتەسازی بووەتە سەرۆك ئەگینا كەس ئەوی نەدەناسی
دوای ئەوەی ناكۆكی كەوتە نیوان ژمارەیەك كارمەندی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە كەسە نزیكەكانی بەرهەم ساڵحن لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوسی یەكێتی كە نزیكن لە مەلا بەختیار, رۆژنامەنوسێك نامەیەكی كراوە بۆ بەرهەم ساڵح دەنێرێت و دەنوسێت:” خەریكی تەكەتولات و تۆڵە سەندنەوەن، لەلایەكی ترەوە، لەڕووی سیاسییەوە، ناڵێم هەرزەكارانە بیردەكەنەوە، بەڵام دەڵێم: رەفتاری ئێوە لەرەفتاری كەسایەتیەكی گەورەو سەرۆك عەشیرەتیش ناچێت”.
مامۆستا جەعفەر ئەندامی دەستەی راگەیاندنی یەكێتی و رۆژنامەنوسی نزیك لە مەلا بەختیار لە نامەیەكی كراوە نووسیویەتی:” سەرۆك كۆماری وڵاتانی پێشكەوتوو، دەبنە باوكی گەل و نیشتمان و لەكاری سیاسیش هەڵوێستی بێ لایەن وەردەگرن. بەڕێزتان لەلایەكەوە خەریكی تەكەتولات و تۆڵە سەندنەوەن، لەلایەكی ترەوە، لەڕووی سیاسییەوە، ناڵێم هەرزەكارانە بیردەكەنەوە، بەڵام دەڵێم: رەفتاری ئێوە لەرەفتاری كەسایەتیەكی گەورەو سەرۆك عەشیرەتیش ناچێت!
هەروەها دەشنوسێت:” هەزار جار رووی زمانە رەش بێت و هەزار نەفرەت لە مێژووی تەكەتولات و دەستەگەری و فراكسیۆنسازیی ناو یەكێتی، پیاوی ئەوتۆی هێناوەتە پێشەوە، لەهەموو شت دەچن بەس لە ((كارەكتەری سیاسی)) نەبێ. ئارام شەهید دەبێت و شەهاب و جەعفەر ئیعدام دەكرێن و عەلی عەسكەری و دكتۆر خالد و عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی شەهید دەبن و هەڵەبجە كیمیایی باران دەكرێت و بەرهەمی ئەو هەموو قوربانییه بۆ كورسی سەرۆكایەتی كۆمارەو ئەوەش پێشكەشی بەڕێزتان دەكرێت. تا ساڵی 1991 ئەگەر جاڵجالۆكەی تەكەتولات نەبوایە كێ جەنابتی دەناسی! ئێستاش كارامەیی و ئازایی بەڕێزتان نەبوو، كە بوونە سەرۆك كۆمار بەلكو تەكەتولات بوو.
ئەو رۆژنامەنوسە لە درێژەی نامەكەی دەڵێت:” كردەوەیەكی تری بەڕێزتان، كە لەكردەوەی پیاوی بەرپرسیاری گەورە ناچێت، هانی مووچەخۆرەكانی سەرۆكایەتی كۆمارت داوە، هێرش بكەنە سەر هاووڵاتیەك. بەڕێزت هانی دوو كەست داوە كە ئەمە پلەی وەزیفییانە:
1. رۆژنامەنووس لە نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆك كۆماری عیراق.
2. سەرۆكی نووسینگەی دكتۆر بەرهەم.
جارێ ئەمە پێش هەموو شتێ پێشێلكردنی قانونە، سەرۆك كۆمار بۆی نییە، دەزگای سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ مەبەستی زۆر تایبەتی خۆی بەكاربهێنێت. دیارە ئەو داماوانە ناچار كراون لەترسی سزاو نانبڕان پەلاماری ئەو كەسە بدەن، كە بەڕێزتان ئاراستەكەیان بۆ دیاری دەكەن. ئەم جۆرە كەسانە شایانی بەزەیین و هەڕەشەیان لێكراوە، دەبێ پەلامار بدەن و نەپرسن ئەو كەسە كێیە؟
مامۆستا جەعفەر دەشنوسێت:” من دژی سەرۆكایەتیی كۆمار یەك وشەم نەنووسیوە، تا سوپای بێ شوماری رۆژنامەنووسانی سەرۆكایەتی كۆمار هاندەدەیت لێم بچنە سەنگەرەوە. لەكەركوك و خانەقی و دووزخورماتوو رۆژانه سێ چوار هاووڵاتی دەكوژرێت و دەغڵ و دانیان دەسووتێن، ئەی بۆ ژەنەراڵەكانی نووسینگەی سەرۆك كۆمار نایەنە دەنگ، هەر بۆ ئێمە ئازان!
من نەمبیستووە، سەرۆك كۆمارێك مووچەخۆرەكانی بەردەستی خۆی دژی نووسەرێك هاندابێت. لەوڵاتانی رۆژاوا سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار هێلكەو تەماتەیان تێدەگرن و هەر بێزیشیان نایەت ئاوڕبدەنەوە.