پەرلەمانتارێكی یەكێتی: پێویستە لە كەركووك پێشمەرگە بگەرێتەوە هەمان ئەو شوێنانەی پێشوتر لێی بووە

دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لەوكاتەوە تائێستا بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە و جموجۆلەكانی داعش روو لە زیاد بوونە, پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، تاوەكوو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی، كە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لێی بوون، دۆخی ناوچەكە، بەتایبەت سنووری پارێزگای كەركووك بەهۆی داعشەوە بەخراپی دەمێنێتەوە.

ناسرعەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فراكسیۆنی یەكێتی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە:” لە پاش 16ـی ئۆكتۆبەر كە كەركووك كەوتنە دەستی حەشد شەعبی, بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی دروست بووە, ئێستا داعش كردەوەی توندوتیژی لە رێگای مەفارزی بچووك بچووكدا دەست پێكردۆتەوە, هاوكات عەرەبە هاوردەكان بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی داعش دەكەن و كار دەكەن بۆ ئەوەی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە و فشار لەسەر كورد دەكرێت و دەیانەوێت كورد لە ناوچەكە دوور بخەنەوە، بەتایبەت لە دەوروبەری كەركووك، ئەگەر كوردیش نەمێنێ ئەوان پاشان دێنە ناو شارەكانیشەوە”.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت:” پێویستە پەلەبكرێت و رێگری بكرێت لەو پێشێلكاریانەی كە راكان جبوری دەیكات, هەروەها هێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی، كە پێش 16ی ئۆكتۆبەر لێی بوون، چونكە ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، بەڕاستی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق وەك پێویست ناتوانن دۆخی ئەمنی بپارێزن و بەدەم سكاڵای كوردەوە ناڕۆن.

Back to top button