رێواز فایەق: ریفراندۆم مافێکی سرووشتی گەلی کوردستان بوو
پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و سەرۆکی پەرلەمان وتارێک لە دووەم ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پێشکەش دەکات.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-9-2019 دەستی پێ کرد و تێیدا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ئێستاش “بۆچوونمان وایە، مافی چارەی خۆنووسین مافێکی سرووشتی و ئەزەلیی هەر گەلێکە”.
ئەمڕۆ چوارشەممه 25ـی ئەیلوول، ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی، لە ڕابردوو و ئێستەش بۆچوونمان نەگۆڕاوە و مافی چارەی خۆنووسین مافێكی سروشتی هەر گەلێكە، چونكە مافی سەربەخۆیی گەلان لە جاڕنامە نێودەوڵەتییەوە بۆ مافێكی بنەڕەتی گۆڕاوە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان وەك مافێك لە مافەكانی گەلان ناساندوویانە.
سەرۆكی پەرلەمان گوتی، پێش و پاش ئەنجامدانی ڕاپرسی دووپاتمان لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بژاردەیەكی بەردەوامی گەلەكەمان و پەرلەمانیش بووە، چونكە گەلی كوردستان خوازیاری چارەسەری سەرجەم كێشەكانیەتی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق كە هەموو دەنگمان پێ داوە.
ئاشكرای كرد كە بڕیاردان بۆ ڕیفرامدۆم و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ئەوەبوو چیتر پێشێلكاریی دەستووری بەرانبەر بە مافەكانمان نەكرێت.
لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 لە كۆبوونەوەیەکدا کە زۆربەی لایەنە سیاسییەكان و بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری سازكردنی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ئەو ساڵەدا درا و سەرەنجام ڕێکەوتی ٢٥ی٩ی٢٠١٧ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەبەخۆیی کوردستان بە ئامادەبوونی چاودێرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە چوو و تێیدا 92.73٪ی خەڵکی باشووری کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.