بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی کورد لە سێدارەدرا

ئەمڕۆ چوار شەممە، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، بڵاویکردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو کەس لەو بەندکراوانەی کە لە بەندیخانەی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان گوازرابوونە ژووری تاکەسی، براونەتە بەر پەتی سێدارە و یەکێکیان لەسێدارە دراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، حوکمی سێدارەی “لوقمان ئەحمەدپوور” خەڵکی بانە جێبەجێ کراوە و حوکمی سێدارەی “سەعید محەمەدپوور” خەڵکی کرماشان بە مەرجێک ئەو بڕە پارەیەی کە وەکوو دیە دیاری کراوە دابین بکات، بۆ دوای مانگی ڕەمەزان دواخراوە.

برای لوقمان ئەحەمەدپوور لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ناوبراوی بۆ ماڵپەڕەکە پشتڕاست کردوە، لوقمان تەمەن 30 ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە کە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی تری خەڵکی بانە دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، برای حوسێن حەیدەری، ئەو هاووڵاتییە سەقزییەی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە بدرێت راگەیاند: “بنەماڵەی کوژراوەکە ڕەزامەندییان نیشان داوە کە لبڕی وەرگرتنی 700 میلیۆن تمەن، لە حوسێن خۆش بن و هەتا دوای مانگی ڕەمەزان کاتمان پێدراوە کە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەین.”

هەنگاو ئەوەشی ئاشکراکردەوە، کە بڕیارە حوکمی سێدارەی پێنج کەسی تر کە براونەتە ژووری تاکەکەسی، رۆژانی پێنج شەممە و هەینی جێبەجێ بکرێت و ناو ئەو پێنج کەسە بە شێوەی خوارەوەیە:

1_ واحید فەیزی خەڵکی بانە، لە بەندیخانەی سنە

2_ ڕامیار موخلیس خەڵکی بانە، لە بەندیخانەی سنە

3_ سینا محەمەدی خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی سنە

4_ عەدنان میرەکی خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی سنە

5_ ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور خەڵکی سنە، لە بەندیخانەی سنە

Back to top button