سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/4/27 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت کرد .
لە دیدارەکەدا کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو ، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی بەغدا و جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان .
روونیشیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو ، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکومەتی فیدرالیش بڕی ( 900 ) نۆسەد ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو .
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.
لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش ، سەرۆکی حکومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور .
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق ، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.