بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی تایبەت بە برەودان بە کەرەتە جۆراوجۆرەکان بەرێوە چوو

 

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە برەودان بە کەرتی تایبەت و پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی سیستەمی باجدانان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەرێوە چوو .

 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و پێداچوونەوەی یاساکانی پەیوەندیدار بە کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت دەکەن کرا، کە بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی تایبەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتووە.

 

 

دارا رەشید وەزیری پلاندانان و سەرپەرشتیاریی لیژنەکە، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو کە تێیدا دەستنیشانی دەرفەت وئاستەنگەکان کرابوو بە ئاراستەی هاندانی خەڵک بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت . لەم ڕووەوە ڕێگەچارە و ستراتیج و پلانی جێبەجێکردن خرانەڕوو، ھەر لەو چوارچێوەیەشدا پەیرەوی تایبەت بە پڕۆژەی هاوبەشیکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ( Public -Private partnership PPP) خرایەڕوو کە ماوەیەکە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کاریان لە سەر کردووە و بڕیارە بەمزووانە بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەند کردنی .

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوەی سیستەمی باج کرا کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازییکردن لە داهاتەکان وڕێکخستنەوەیان کە هاوشانە لەگەڵ چاکسازیکردن لە خەرجییەکان و بواری کارگێڕی.

لەم ڕووەوە ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرپەرشتیاری ئەو لیژنەیەی بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتووە، ڕاپۆرتی لیژنەکەی سەبارەت بە باجەکان خستەڕوو کە تێیدا ئاماژەی بە ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم گەشەکردنی سیستەمی باج کرد بە تایبەتی لە بواری پڕۆژە گەورەکانی وەک وزە و تۆڕەکانی پەیوەندیی و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.

 

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا پڕۆژەکە بە سەرنج و تێبینی زیاتر، دەوڵەمەند بکرێت بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی باج بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و ببێتە سەرچاوەیەکی دیاری داهات . ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات وڕێکخستنەوەی داھاتە  نانەوتییەکان، هەروەها چاوخشاندنەوە بە لێخۆشبوونی باج لە چوارچێوەی یاسادا و جێبەجێکردنی میکانیزمی نوێی ئەژمارکردنی باج و ڕێکخستنەوەی کاری ژمێریاریی یاسایی، بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج دان.

Back to top button