بڕیارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ لە هەولێر ڕاگەیاندرا

 

رۆژانە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کاژێر 08:00ی ئێوارە تاوەکو 05:00ی بەیانی سەرجەم شوێنە گشتییەکان دادەخرێن و رێگە بەهیچ کەسێک نادرێت سەردانی شوێنە گشتییەکان بکات

 

لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو رۆژی 3-7-2020 دەوامی هەموو دامودەزگاکانی حکومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر رادەگیرێت، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و هێزەکانی ناوخۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەپێی پێویست

 

وەزارەتەکان لەسەر ئاستی وەزارەت و دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان بڕیار لەسەر میکانزمی دەوامکردنیان دەدەن. هەموو شوێنەکانی یاریکردن، هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و هۆڵی بۆنە ئایینییەکان، شوێنەکانی نێرگەلە و کافتریاکان و گۆڕەپان و باخچە و پارکەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێن

 

لە رۆژانی هەینی شوێنەکانی فرۆشتنی پەلەوەر و پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل بە داخراوی دەمێننەوە، بەڵام رۆژانی دیکە بە مەرجی تەندروستی دەکرێنەوە تاوەکو 8ی ئێوارە، شوێنە گەشتیارییەکانیش بە داخراوی دەمێننەوە. هەروەها چێشتخانەکان دەکرێنەوە بە مەرجی خواردن پێشکەشکردن بە دیلیڤەری.

 

رۆژانە لەکاژێر 8ی ئێوارەوە تاوەکو 5ی بەرەبەیان هەموو شوێنەکان دادەخرێن و رێگە بە هاتووچۆ نادرێت، هێزەکانمان بەنێو شاردا دەسووڕێنەوە و داوا لە هاووڵاتیانیش دەکەین هاتووچۆ نەکەن چونکە شوێنەکان دادەخرێن.”

 

هەروەها نۆرینگە پزیشکییەکان رۆژانە لە کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 06:00ی ئێوارە دەکرێنەوە، هیچ پزیشکێک نابێت لە 10 نەخۆش زیاتر ببینێت و هیچ نەخۆشێک نابێت زیاتر لە هاوەڵێکی لەگەڵ بێت، لە هۆڵی چاوەڕوانکردنیش نابێت زیاتر لە چوار نەخۆشی لێبێت.

 

دەقی راگەیندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر:

لەژێر ڕۆشنایی بەیانی ژمارە (42)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە شاری هەولێر و مەترسی داری دۆخەکە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 2020.6.25، بەسەر پەرشتی، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، کۆبۆنەوەیەکی ئەنجامدا و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

یەکەم/ لەڕۆژی یەکشەممە 2020.6.28، تاوەکو 2020.7.3 دەوامی سەرجەم فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتی و یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر رادەگیرێن، جگە لە دوامی تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییە پێویستییەکان بەپێی ئەو خشتەیەی کە خۆیان دیاری دەکەن، سەبارەت بە دەوامی دیوانی وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان و ئەنجوومەنی دادوەری و دەستە سەربەخۆکان خۆیان بڕیاری لێ دەدەن.

دووەم/ تاوەکو 2020.7.3 هاتوو چۆی پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق، بە تەواوەتی ڕادەگیرێت و رێگە بە هیچ کەسێک و بۆ هیچ مەبەستێک نادرێت بێتە ژوورەوە بۆ ناو شاری هەولێر، بۆیە تکامان لەهاوڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق ئەوەیە، بۆ ئەوەی تووشی گەڕاندنەوە و ئەزیەتکێشان نەبن، تاوەکو 2020.7.3، کەس خۆی لە رێگا نەدات بۆ هاتنە ژوورەوەی پارێزگای هەولێر، چونکە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی هیچ کەس و لایەنێک نادرێت و هەرکەسێک بێتە بازگەکانیش دەگەڕێندرێتەوە.

سێیەم/ لەڕۆژی شەممە 2020.6.27 تاوەکو 2020.7.3، لە دوای کاتژمێر (8)ی شەو بۆ (5)ی بەیانی، سەرجەم دوکان و بازاڕ و مۆڵ و مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کرابوونەوە دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.

چوارەم/ لە رۆژانی هەینی (بازاڕە میللیەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە، پیشانگاکانی ئۆتۆمۆبێل، هاوینە هەوارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان) بەتەواوی دادەخرێن و هاتووچۆکردن لێیان قەدەغەیە، ئەو شوێنانەی خوارەوەش تاوەکو 2020.7.3 بە داخراوی دەمێنەوە:
مزگەوت و کەنیسە و شوێنە ئاینییەکان، دانانی پرسە و ڕێوڕەسمی ماتەمینی لە (هۆڵ، ماڵ، لەژێرخێوەت) لەگەڕەک و ماڵ و شوینە گشتییەکان، هۆڵەکانی ئاهەنگ گێران، یانەی شەوانە، نێرگەلە کێشان، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، گەرماو (حەمام)، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، هۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، هۆڵەکانی وەرزشی، سەنتەرەکانی لەشجوانی، مەلەوانگە، باخچە گشتییەکان، پارکەکان، سەوزاییەکانی ناو گەڕەک و کۆڵانەکان).

پێنجەم/ سەرجەم چایەخانە و کافتریا و گازینۆ و ڕیستۆرانتی باخچەکان و شوێنە گەشتیارییەکان تاوەکو 2020.7.3 دادەخرێن، چێشتخانەکان کراوە دەبن و تەنها بۆیان هەیە بە دیلیڤەری (سەفەری) خورادن بفرۆشن.
شەشەم/ کردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی کراوە دەبن دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت:
– کردنەوەی نۆڕینگەکان لە کاتژمێر (3)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (6)ی ئێوارە دەبێت.
ـ لە هۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی هەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت.
ـ پزیشک دەستکێشی لەدەست بێ و ماسک ببەستبێ.
ـ نەخۆش یەک هاوەڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و هەردوکیان ماسکیان بەستابێ.
ـ ڕۆژانە نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن.
ـ لەو ماوەیەدا لە(کاتژمێر 3 بۆ 6) لە (10) نەخۆش زیاتر نەبینرێت.

حەوتەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (ماسک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، بەبێ چاوپۆشی کردن لە کەس، لەلایەن پۆلیسی هاتوو چۆ، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و بە بڕی(50) هەزار دینار غەرامە دەکرێت.
هەشتەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی شارەوانی و قایمقامیەتەکان ڕاسپێردراون، هەرکەس و لایەک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکانیان دادەخرێت، بۆ ماوەیەک کە لە یەک هەفتە کەمتر نەبێت.

نۆیەم/ هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و (ماسک و دەستکێش) ببەستن، ئەگەر نا ناچار دەبین قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی ڕابگەێنین، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەم دۆخە ناهەموار و مەترسیدارەدا بەو پەڕی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی لە پێناو سەلامەتی خۆیان و هاوڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

دەیەم/ سەرجەم قایمقامیەتیەکان دەسەڵاتی تەواویان پێدەدرێت بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی، لە کاتی پێویستیش بۆیان هەیە لە سنوری خۆیان کەرەنتین و قەدەغەی تەواو ڕابگەیەنن.

یازدەهەم/ ئەم بڕیارانە کاتژمێر 12ی شەوی 26 لە سەر 27 ی 2020.6 دەکەونە بواری جێبەجێکردن.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.6.25

Back to top button