دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەکەکە:بە چ روویەک داوای وەڵام لە پارتی دەکەن؟
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک وڵامێک بۆ تۆمەت بەخشینەوەکانی ھاوسەرۆکانی کەجەکە و موراد قەرەیلان و دۆران کاڵکان پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتی پەکەکە دەکات دەنووسێت كۆیلایه‌تی لە هەموو دونیا باوی نەماوە لە ناو (په‌كه‌كه)نه‌بێت، سیستەمی پەروەردەكردن و راهێنانتان خەڵكی ئازاد و دەنگ دلێر بەرهەم ناهێنێ، چونكە ناهێڵن ئاگایان لە رووداو و گۆڕانگاری و پێشكەوتنەكانی دونیا هەبێ
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەکەکە:
بە چ روویەک داوای وەڵام لە پارتی دەکەن؟
ماوەیەکە ھاوسەرۆکانی کەجەکە و موراد قەرەیلان و دۆران کاڵکان، دەستیان کردووە بە بەخشینەوەی تۆمەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و، داوای ئەوەش دەکەن کە پارتی وەڵامیان بداتەوە.. لێره‌وه ده‌ڵێین: بەو سیاسەته چەوته‌ی هه‌تانه یارمەتی زەق و دیاری ئەو لایەنانە دەدەن كە دەیانەوێ دەستكەوتەكان لەناو ببه‌ن، كۆیلایه‌تی لە هەموو دونیا باوی نەماوە لە ناو (په‌كه‌كه)نه‌بێت، سیستەمی پەروەردەكردن و راهێنانتان خەڵكی ئازاد و دەنگ دلێر بەرهەم ناهێنێ، چونكە ناهێڵن ئاگایان لە رووداو و گۆڕانگاری و پێشكەوتنەكانی دونیا هەبێ، تەنیا فێری ئیتاعە و تەنفیزی ئەوامریان دەكەن، كێ لەناو ئێوه‌دا دەتوانێ بۆچوونی هەبێ و كێیش دەتوانێ لەگەڵ بۆچوونی پەکەکە نەبێ و، كام ئه‌ندامه‌تان دەتوانێ له ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌دا جیاببێتەوە؟ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده ته‌نانه‌ت سەركردەكانی پەكەكەش خۆیان كردووەتە كۆیلەی هەندێ بۆچوون و پیرۆزیان كردووە، داوامانه سەرهەڵبڕن و چاو و مێشكتان بكەنەوە، جیهان گۆڕاوە لەو چاڵ و كون و ژێرزەمینە تاریكانە وەرنە دەرەوە تێدەگەن کە چەندە لە ژینگەی خەڵکی کوردستاندا نامۆن.
زۆربەی حزبه كوردییه‌كان لە مەترسییەكان تێدەگەن و هەوڵدەدەن رێگای چارەسەری و پشتیوانی دەستەبەربكەن و رێگا بدۆزنەوە بۆئه‌وه‌ی تەحەدیەكان زیانیان پێ نەگەیەنێ و زیان بە نەتەوە و نیشتیمانیش نەگات و هەگبەی بەرەنگاری پڕبێت، بۆیە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكان بەواقیع بینی یەوە دەكەن نەك وەك (په‌كه‌كه)، كه به‌هۆی سیاسه‌تی شاش و هه‌ڵه‌كانیانه‌وه، تا ئێستایش خەڵكی كوردستان نازانێ چیان دەوێ و بۆچی كوڕ و كچی كورد بەكوشت دەدەن و بەردەوام بەپێچەوانەی شەپۆلەكان مەلە دەكەن؟ وەک مەوجێک لە نێو بازنەیەکی داخراو و خەرقی نێو نەخۆشی فکری لە مێدیاکان قسە دەکەن، کەچی بە زمانێکی جەھل و نەخوێندەوارانە ھێرشدەکەن و، به وشەکانیان و دابڕاویان لە تێگەیشتنی سەردەم، دەناسرێنەوە
.
ئێستانیه كه راگه‌یاندنه‌كانی په‌كه‌كه شه‌ڕ به‌پارتی ده‌فرۆشن و خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاری و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستنن، به‌ڵام كه كارگه‌یشته ده‌ستبردن بۆ مێژوو و سه‌روه‌ریه‌كانی پارتیمان و شكۆ و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكان و سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌وه، بێگومان بێ وه‌ڵام نابین و رووی راسته‌قینه‌تان ده‌رده‌خه‌ین و پێتان ده‌ڵێن: سەیری خۆتان كردوە لەكوێ هاتوون و ئێستاش لەكوێن و بۆچی دروست بوون و ئێستا خه‌ریكی چین؟ سەیر خۆتان كردووە چۆن بوونەتە كەواسووری بەرلەشكر و دەستی ئەم و ئه‌و رادەكێشن بۆ تێكدان و ئاستەنگ دروستكردن بۆ ئاینده و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئەو بەشانەی كوردستان كە بە دەریایەك خوێن و خەبات بەدەست هاتوون؟ كەی خەڵكی هەرێم له كۆن و نوێ‌دا داوای لە ئێوە كردووە یان تەوەقعی لێتان هەبووە بێن بۆ پاڵیشتیان؟ لەو كاتەوەی كه حزبه‌كه‌تان دروستبووه هەوڵدراوه مه‌دارتتان بكه‌ن، كەچی له به‌رامبه‌ردا وڵامتان لوتژەنین بووە لە ورد‌و و درشتی ئەم وڵاتە و سەدەها گوندتان پێ چۆڵ كردوون! دوێنێ و پێرێ بوو لە ده‌ڤه‌ری سیدەكان بە پێشمەرگە ئازا و چاونەترسەكانی كوردستانتان ده‌گوت نابێ بێنە ئێرە، لاتان ئاساییه سه‌ربازانی تورك بێن، بەڵام نابێ پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان بێنه ئه‌و خاكه‌ی كه هی خۆیانه، ئەوەیه وڵاتپارێزیه‌كه‌ی په‌كه‌كه!..
بەردەوام گەف و هەڕەشە و گوڕەشەكانتان بەلێدوانی زۆر گرنگ دەزانن، چونكە تەسەورێكتان بۆ خۆتان دروستكردوە (ته‌سه‌ورێكی دوور لە راستی و بێ هیچ بنەمایەكی لۆژیكی) كە ناسنامەی كوردایەتی و نیشتمان په‌روه‌ری لە گیرفانی ئێوە دایە! ناسنامەی دڵسۆزی و تێكۆشانیش لە گیرفانی ئێوە دایە و پارادایمی ئێوە پیرۆزە هی خەڵكی تر نەخێر!… جا ئێستا باش گوێ رادێرن (هەرچەند لەلای سەركردەكانی په‌كه‌كه ته‌نیا ناردن_ارسال هەیە و وەرگرتن نییە)، كوردی ئەم هەرێمە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دوو ساڵ مقاوەمەی كرد و سلێمانی و كەركووك و هەولێر و مووسڵ نەبوونە بەشێك لەو دەوڵەتە و دوای ئەوەش كه بەزۆرداری و بەبێ ئیڕادەی خەڵكی كوردستان ئەم بەشەی كوردستان لكێندرا بە عێراقەوەمەرجی پاراستنی مافەكانی كوردی تێدا ئیجبار كرا، ساڵی 1930 كە بڕیاربوو عێراق سەربەخۆیی وەرگرێت مەرجی بۆ دانرا كە مافی كورد تێیدا پارێزراو بێ، ساڵی 1958 كە رژێم لە پادشایی گۆڕا بۆ سیستمی كۆماری، لە دەستووری ئه‌وكاتی عێراقدا چه‌سپا كه عه‌ره‌ب و كورد شەریكن لەم وڵاتەدا. هه‌روه‌ها ساڵی 1970 له رێككه‌وتنی یانزه‌ی ئاداردا ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان ئیقراركرا و، ساڵی 1992 پەرلەمانی كوردستان بڕیاری فیدڕاڵی ده‌ركرد و، ساڵی 2003 كە رژێمی بەعس روخا لە دەستوری نوێی عێراقدا مافی كوردان لە عێراق تۆماركرا، ئه‌مانه هەمووی به‌رهه‌می خوێن و قوربانی و بەرخودان و شۆڕشەكان و گیانفیدایی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ محمودی مەلیكی كوردستان و، شۆڕشەكانی بارزان و شۆڕشی مه‌زنی ئەیلول و گوڵان بوون و، له‌كاتێكدابوون كه هێشتا په‌كه‌كه لە دایك نەببوو یا زۆر ساوا بوو، ئێوە چی دەزانن لە مێژووی نەتەوەکەمان؟
پێناسه‌ی نیشتمان په‌روه‌ری بۆ ئێمه مه‌كه‌ن! نیشتیمان پەروەره‌كان ئەوانە بوون كە بە خەنجەر هێرشی سەر دەبابەیەكی دوژمنیان دەكرد، ئەوانەبوون كه قاچی خۆیان به سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگرییه‌وه ده‌بەسته‌وه تا شەهیدبوون شەریان دەكرد، ئه‌و قاره‌مانانه‌بوون كه به ساچمەزەن و تاپڕ و هەندێ جاریش بە دەستی بەتاڵ رووبەڕووی دوژمن ده‌وه‌ستانه‌وه، نیشتیمان پەروەره‌كان ئەو كوردانە بوون كه لە بیابانه‌كانی باشووری عێراق دەست و پێیان زنجیركرابوو و ئامادە نەبوون داوای لێبوردن له داگیركه‌ر بكەن، ئەوانە بوون كە لە زیندانە تاریك و بێ ئامانه‌كانی نگرە سەلمان و قصرولنهایە گیركرابوون، ئەوانە نیشتیمان پەروەربوون كه ئەنفال و كیمیاباران و كوشتاری بەكۆمەڵ نەیترساندن، ئەوانە نیشتیمان پەروەربوون كە زەعیم صدیق لە ساڵێ 1963 لە پاركی ئازادیی ئێستا دا و له ناوچه‌قی شاری سلێمانی زیندەبەچاڵیكردن.. ئێوە لەكوێ بوون؟
باسی دڵسۆزی ده‌كه‌ن؟! دڵسۆزانی ئێمه ئەوانە بوون قوت و خواردنی ماڵ و منداڵیان پێشكەشی پێشمەرگە دەكرد، ئەو دڵسۆزانه بوون كە بەرۆژ كرێكاریان دەكرد و بەشەویش نەیاندەهێشت دوژمن ساتێك پشوو بدات، ئەوانە دڵسۆز بوون كه زەبروزەنگی حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق و تانك و تۆپیان نەیترساندن، ئەوانە دڵسۆز و كوردپەروەر و نیشتیمانپەروەر بوون كە سه‌ربه‌رزانه وتیان ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین، خوایە وەتەن ئاواكەی و ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی كورد زوبانیان كرده وێردی سه‌ر زمانیان، له‌وكاتانه په‌كه‌كه لە كوێ بوو؟ كۆڵنەدان و چۆكدانەدان و خۆنه‌چه‌ماندن و سەندنی ماف، تێكۆشانی ئەم خەڵكە بووە، ئه‌م هەرێمه پارادایمی خۆی پەیڕەوكراودەكا و دەسكەوتیشی بۆ نەتەوە و نیشتیمان هەبووە، با پارادایمی ئێوە بۆ خۆتانبێ..
داوای وه‌ڵامده‌كه‌ن! وەڵامی چیتان بدەنەوە كە بوونە هۆكاری سەرئێشە بۆ هەموو كوردستان، لە هەر به‌شێكی كوردستان ئاسۆیەك پەیدابێ خۆتانی تێهەڵدەقورتێنن و هەوڵی تێكدانی دەدەن! ناشێ چاوه‌ڕێبن پێتان بڵێین لەگەڵ ئەو سیاسەتە چەوت و نالۆژیكیەی ئێوەداین، بیرتان دێنینه‌وه كه سه‌ركردایه‌تی و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە هیچ كەس و لایه‌نێكی قبووڵ ناكه‌ن بەرە و ئاڕاستەیەكی نادیار و ئاینده‌یه‌كی ناڕۆشن ببردرێن، ئێوە تێرنەبوون ئەوەندەی بوختان و چەواشەکاری بە خەڵکی کوردستان بکەن.
ئێوە دەتانەوێ پاساو بۆ شكسته سیاسی و عەسكەری و دیپلۆماسیه‌كانتان بدۆزنەوە، ویژدان لای سەركردایەتی په‌كه‌كه باری كردووە و خه‌ریكه خۆتان ده‌كه‌نه وانه‌بێژی ئه‌خلاق! با ئێمه پێتان بڵێن بێ ئه‌خلاقی چیه: دروستكردنی كێشه و هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی بەری رەنجی دەیان ساڵەی تێكۆشانی هەرێمی كوردستان بێ ئه‌خلاقییه، بێ ئەخلاقی ئەوەیە ماڵ‌وموڵكی خەڵكتان داگیركروە و سەدان گوندتان وێرانكردوه، بێ ئەخلاقی ئەوەیە بڵێی با سه‌ربازانی تورك بێن بەڵام نابێ پێشمەرگە بێنه ئه‌و ده‌ڤه‌ره! هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی منداڵی كوڕ و كچی ئەم وڵاتە و بەكوشتدانیان بۆ پاراستنی سنووری دەوڵەتان بێ ئه‌خلاقیه… ده‌ڵێن چەك دانانێین، پێمان ناڵێن لە هەرێمێكی ئازادكراودا چەكتان بۆ چییە و لەگەڵ كێ شەڕ دەكەن؟ یاخود ته‌نیا بۆ راكێشانی دەستی سوپای توركیایه به بیانوی ئه‌وه ئێوه شەڕكه‌رن.. پێمان ناڵێن ڤێتنامەكەتان چی لێ هات؟ چەك دادەنێن یا داینانێن پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌یه رێگا نیشاندانتانه بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆنه‌وه سەر موڵك و ماڵیی خۆتان و ئەو شوێنەی بۆی دروست بوون و لێوەی هاتوون.
ئێوه كه ده‌ڵێن تورك هاتووە و شەڕدەكات بۆ قڕكردنی كوردان، بۆیه لە هەفتەنین و زاپ و خواكوڕك بەرخودان دەكەین! ئەی لەخۆتان نەپرسیووە یا خەڵكی باكوور و باشوور لە ئێوە ناپرسن باشە بۆ تا په‌كه‌كه هەڵنەهات و مەیدانی خۆی چۆڵنەكرد و راینەكردە هەرێمی كوردستان، سوپای توركیا بۆ بستێك نەهاتبووە نێو خاكی هەرێمەوە؟ له راستیدا ئێوە پاساوەكەن و ئێوە دەست كێشەكەن به‌ڵكو هه‌ر بۆ ئه‌وه لێره‌ن تا تورك بێتە هەرێم، خۆ مێژوو شەرم لەكەس ناكات و چەندین كه‌ستان لەناودا ئاشكرابوون كه كار بۆ میتی توركی دەكەن، بۆیه له په‌نای تۆمه‌تی كاركردن بۆ میتی توركی بوختان بۆكه‌س هه‌ڵمه‌به‌ستن ، ئاشكرایه كاركردن بۆ میتی توركی لەبەر په‌كه‌كه بەركەس ناكەوێ، فه‌رموون ئەوە لێدان و سوتاندنی شوێن و ئۆتۆمبیله‌كانتان، ئایا پارتی و یەكێتی یا حزبەكانی دیكە لەناو ئێوەدان و خەبەر ده‌ده‌نه فڕۆكه‌كانی توركیا یان هه‌ر بۆخۆتانن و له پاڵ ئه‌وه‌شدا هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه قوربانی و ره‌ز و باخه‌كانیان ده‌سوتێنن. هەموو كەس باسی كوردایەتی بكات ئێوە نا، چونكە باشمان له یاده كە باسی چارەنووس و سەربەخۆیی كرا دۆڕان كاڵكانتان چەنده توڕە بوو و چەندین وتاریشتان لەسەر پاراستنی سنووری ئەو وڵاتانە نووسی و گوتتان ئێمە كێشەمان لەگەڵ بارزانی ئەوەیە داوای سەربەخۆیی دەكات، گوتان نابێ دەوڵەتی کوردی دروست ببێ…
خۆشبه‌ختانه له هه‌رێمی كوردستان سۆز و تێگه‌یشتنێكی زۆر بۆ بارودۆخی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌یه، ئێوه ئه‌وه‌تان قۆستۆته‌وه و له هه‌موو روێكه‌وه سنووره‌كان ده‌به‌زێن، چونكه له راستیدا خاوه‌ن ئامانجێكی رون نین بۆ قه‌زیه‌ی كورد و كوردستان، بۆیه نه‌ك هه‌ر سنوور به‌زاندن به‌ڵكو ره‌فتاری دیكه‌شتان لێده‌وه‌شێته‌وه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی و لایه‌نێكی خودان قه‌زیه‌ی ره‌وا و، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش هاتوون.
خاتوو بەسێ هۆزاتی هاوسه‌رۆكتان، لە لایەك دەڵێ پارتی دەستی لەگەڵ تورك تێكەڵاو كردووە بۆ قڕكردن و، پارتی ئەخلاقی نییە و، پارتی ویژدانی نییە و …هتد! هه‌رخۆشی لەلایەكی دیكه‌دا دەڵێ پێویستە پارتی بە دەوڵەتی تورك بڵێت: كە دەبێت بە رێگای دیموكراتی كێشەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكات و، مافی گەلی كورد لە باكوری كوردستان بدەن..! پێتان ده‌ڵێین ئه‌و پارتیه‌ی كه ئێوه به‌و زمانه نزمه‌تان تۆمه‌تی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن، زۆر هەوڵیدا و دەوڵەتی توركیش نەرم بوو و باسی چارەسەری ئاشتیانەشكرا و له دڵی ئامەده‌وه گوترا كێشەیەك هەیە بەناوی كێشەی كورد و دەبێ چارەسەر بكرێ، تا گەیشتە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ ئینجا گفتوگۆی راستەوخۆ و دواتر قسەكردن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی و تا گفتوگۆكانی ئه‌وروپاش چوو، دروست له‌وكاته‌دا په‌كه‌كه غرورگرتی و بێ ئاگابوو له‌وه‌ی پێشڤه‌چوونه‌كان به‌رهه‌می فشار و رێزی هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و رەحمەتی مام جەلالن نه‌ك هه‌ڵه به‌رده‌وامه‌كانی په‌كه‌كه.. ئێوه به سیاسه‌تی چه‌وت و چالاكیه نا مرۆڤانه و نا دیموكراسییه‌كان و نه‌بوونی هیچ روئیایه‌ك واتانكردوه وڵاتانی دونیا زیاتر گویێ لە قسەكانی خەڵكی وەكو باخچەلی بگرن كه ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می هه‌ڵه‌كانی خۆتانه، به نسبه‌ت ئەمریكا و وڵاتانی دیكەش چ بڕیارێك دەدەن ئه‌وان خۆیان لێی بەرپرسن..
له‌باره‌ی شەنگالیشه‌وه جارێكی دیكه بیرتان دێنینه‌وه كه شنگال بەشێكی دانەبڕاوی خاكی كوردستانە و لە هەموو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كه لەگەڵ حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كراوە هەرده‌م سوربووین لەسەر ئەم پرەنسیپە و بەردەوامیش دەبین، كەچی ئێوە تازه به‌تازه له كوردستانی داده‌بڕن، ئاخر ئه‌وه چ لۆژیكێكه كه ئێمەی خەڵكی شەنگال شەرعیەتمان نییە بەڵام ئەوانی لە شوێنی دیكە هه‌ڵاتوو و پەنابەر شەرعیەتیان هەیە! ئەمە لە كوردەواریدا پێی دەڵێن رووی دەوێ ئەمما رووی قایم.. هەموو ئەو ناوانەی دروستتان كرد شەرعیەتیان نییە نەك ئەوان بەڵكو ئێوەش شەرعیەتتان لە هەرێمی كوردستان نییە بۆ دەستوەردان لە كاری ئیداری و حوكمڕانی و سەربازیی تەنیا حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت، جا چ كەسی دیكە وا دەڵێت یا وای گوتوە لە مسداقیەتی ئەم بابەتە ناگۆڕێ.
لە كۆتایی دا دەڵێین تكایە ئەگەر قسەتان كرد ئەوەندە درێژەی مەدەنێ یا بەكوردیەكەی درێژ دادڕی مەكەن تا ئێمەش ناچار نەبین ئەوەندە وەڵامتان بدەینەوە کە ئیدی پێڕانەگەن چۆن ماسکی سەر رووخسارتان ببەستنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی جەماوەری خاوەن قەزییە لە ناوچەکەدا، روئیا‌و پەیامی خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتێکی لۆژیکانە لەسەر قەزیەی کورد لە بەرگێکی شەرعی و یاساییدا پێشخستووە و پێشی دەخات، ئێوەش خەریکی خۆتان بن و دەست لەم چیرۆکە بەتاڵانە ھەڵگرن، چونکە ئەم شانۆیەی کە ئێوە دەیگێڕن دەمێکە بینەری لە نێو کوردان نەماوە، پێویستە خۆتان بگۆڕن و بەخەبەر بێنەوە.
به‌شی رۆژنامه‌وانیی ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
6ی ئابی 2020