نێچیرڤان بارزانى بۆ باڵیۆزى یەکێتیى ئەوروپا : کێشەکانى هەولێر و بەغدا تەنها بابەتى موچە و بودجە نییە
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى یەکێتیى ئەوروپا کۆبوەوە و رایگەیاند، کێشەکانى هەولێر و بەغدا بە تەنها بابەتى موچە و بودجە نییە و سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر وبەغدا دوو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکێتیى ئەوروپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاریى عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارتن هوس باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عێراق کرد، هاوکات نوێنەرى یەکێتیى ئەوروپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بو، هەنگاوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى بەتایبەتى لە بوارى ئابوریدا، مەترسییەکانى تیرۆر و جموجووڵەکانى داعش، پرۆسەى سیاسى و ئەرکى حکومەتى تازەى عێراق و هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتوى وڵات، تاوتوێ کران.
ئاماژە بەوەشکراوە، دواین پێشهاتەکانى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى عێراق، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بو.
نێچیرڤان بارزانى لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، “کێشەکانى هەولێر و بەغدا بە تەنها بابەتى موچە و بودجە نییە و سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر و بەغدا دو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکێتیى ئەوروپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاریى عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى”.
لە کۆبونەوەکەدا هەردولا پشتگیریى خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى عێراق دەربڕى و دەربارەى چەند تەوەرێکى دیکەى وەک پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، ڕۆڵى یەکێتیى ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ئەوروپى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.