وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی دەکاتەوە شەش ترلیۆن دینار دیار نەمابێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا هۆشداری لە لێدوانی چەواشەکارانە دەدات سەبارەت بە دەنگۆی دیارنەمانی شەش ترلیۆن دینار .
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دەنگۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات دیارنەمانی شەش تریلیۆن دیناری عێراقی لەو 15 تریلیۆن دینارەی کە بە رەزامەندیی پەرلەمان قەرز کرا، ئاماژە بەوەش کراوە “تەواوی قەرزەکە بەکارهاتووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ مانگەکانی حوزەیران، تەممووز و ئاب
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە ، داهاتی تەواوی نەوتی و نانەوتی لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 17ی ئەیلوولی 2020 بریتی بووە لە 33.6 تریلیۆن دینار، پارەی خولاوی ساڵی 2019 بۆ 2020، گەیشتووەتە پێنج تریلیۆن دنیار و کۆی گشتیی قەرزەکانیش 14.5 تریلیۆن دینار بووە، بەمەش کۆی گشتیی پارەکە دەکاتە 53.1 تریلیۆن دینار.
سەبارەت بە چۆنیەتی خەرجکردنەکانیش باس لەوە دەکات ، 50.9 تریلیۆن دینار خەرج کراوە بۆ مووچە، خانەنشینی، تۆڕی کۆمەڵایەتی، قەرز، سوو، پسووڵەی خۆراک، گەنم، خەرجیی بەکاربردن، فەرمانگەکانی ئەمنی، هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، فەرمانگەی تەندروستی و دەرمان و هتد؛ هاوکات 380 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان و کارەکانی وەزارەتی کار، ئەو بڕەیش کە ماوە 1.8 تریلیۆن دینارە، فەرمانگەی ژمێرە بەردەوامە لە خەرجکردنیان بۆ قەرزەکان.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە قەرزی بیانی ئاماژە بەوە دەکات ، قەرزی بیانی کە پەرلەمان مۆڵەتی وەرگرتنی داوە، پێنج ملیار دۆلارە و بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەبێت و هەر جۆرە ئاڵ و گۆرێکی دواتریش روونکردنەوەی لە سەر دەدرێت .