پەرلەمانتارێکی هەدەپە ، سەرۆک بارزانی مەرجەعە بۆیە پێویستە هەموو کوردان لە دەوری یەک کۆکاتەوە
ئیمام تاشچەر، پەرلەمانتاری دیاری کورد، لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان ”هەدەپە لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی : هیچ ڕێککەوتنێکی کوردان بەبێ سەرۆک بارزانی سەر ناگرێت و پێویستە ئەو، وەک پێشەنگێکی کوردان، هەموو کوردان کۆ بکاتەوە، چونکە کورد هیوای بە سەرۆک بارزانییە ”
سەبارەت بە ئاڵ و گۆڕەکانی ناوچەیی و بە لەبەرچاوگرتنی جیوپۆلیتیکی سیاسی خاکی کوردان ئیمام تاشچەر گوتی :
ئێستا هەموو هێزە ئیمپیرالییەکانی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینن و دەیانەوێ دیزاینێکی بە دڵی خۆیان دروست بکەن، دەبێ کورد لەو جووڵانەوەیەدا ڕۆڵی گەورە بگێرن، دەبێ یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بن و تفاق و تەبایییان هەبێت، دواتر دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر گەورە لە ڕووی دیموکراسی و مافی گەلی کورد لە مافەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەبێت، بەڵام جێگای داخە هەندێک تەکەتول لەنێو ئەم پرسەدا هەیە، بۆیەش تا چەند ساڵیکی تر ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین پرسێک هەیە بە ناوی ”پرسی کورد”، پێش ماوەیەک لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی، پرسی کورد لە سووریا نەک تەنیا پەیوەستە بە دەوڵەتی سووریاوە، بگرە پرسی تورکیا و ئیران و عێراقیشە، بۆیەش وەڵاتێکی وەک ڕووسیا ئەم شتە بڵێت، ئەوا مانای گەورەی لە پشتە، چونکە پرسی کورد گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و ئاکتۆرێکی گەورەن، ئێستا نزیکەی ٥٠ ملیۆن کورد هەن و کورد قەوارەیەکی سیاسی و دەستووریشی هەیە، ئەویش هەرێمی کوردستانە، ئێستا هەڕەشە لەسەر تەواوی کوردانە، بۆیەش دەبێ کورد پشتیوان و یەکگرتوو بن لە نێوخودا، بۆ ئەوەی بتوانن خاوەن دەستکەوت دەربکەون.
سەبارەت بە رۆڵی بەرچاوی کورد کە ئەمڕۆ جیهان فۆکسی خستۆتەسەر و بەشێوەیەک پشتیوانی سیاسی و سەربازی کورد دەکەن تاشچەر ڕای وایە،
دەبێ کورد بگاتە مافەکانی و ئەگەر کورد بە مافی خۆی نەگات ئەوا سەقامگێری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین پەیدا نابێت، چونکە کورد کاراکتەری سەرەکیی سەقامگێریی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە و توانیی داعش کە دوژمنی تەواوی جیهانە لەنێو ببات و سەر بکەوێت.”
لە درێژەی لێدوانەکەیدا هەر سەبارەت بە پێگەی ئەمڕۆی سیاسی دیپلۆماسی کورد لە ناوچەدا دەڵێت ،
گومانی تێدا نییە، کورد حکوومەت و ستاتۆیەکی دەستووریی هەیە و شایانی ڕێز و پێزانینە و دەبێ ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کورد بەردەوام بێت، ئەم ستاتۆیەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە پێشەنگایەتیی هەرچوار پارچەی کوردستان بکات، هاتنی سەرکردە سیاسییەکانی جیهان بۆ هەرێم واتای ئەوەیە ئەم ستاتۆیە قبووڵ دەکەن و دانوستاندن دەکەن لەسەر ناسنامەی کورد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی دانوستاندن لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی کورد لە ناوچەکە دەکەن، چونکە پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە، دەمانەوێت هەموو لایەنەکانی کورد بە پێشەنگایەتیی سەرۆک بارزانی لە یەک کۆ ببنەوە و ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکڕیزیی خۆی دیار بکات.”
بە لەبەرچاو گرتنی قسەکانی سەرۆک بارزانی بۆ خەباتێکی ئاشتیانە تاشچەر گوتی :
بینیمان شاندە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا و وەڵاتانی جیهانی چۆن کەوتوونەتە بەر هەڕەشە لە بەغدا و هەموویان دێن بۆ لای کورد وەک چۆن بینیمان هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دنیا دێن بۆ کوردستان، ئەمەش مانای هێزی کوردەکانە و بڕوایان بە کوردەکان و ئاشتی لە هەولێرە و ئێستا کورد بەنداوێکی دیاری ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین.
سەبارەت بە بەردەوامی دانووستانەکان لە نیوان ئەنەکەسەو پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان ئیمان تاشچەر بە هەنگاوێکی گرینگی دەزانێت لەمبارەوە دەڵێت
هەنگاوێکی گرنگە، لە ڕۆژئاوا خەڵکی کوردستان بە تەواوەتی دڵیان خۆشە، لەو دانوستاندنانەدا هەردوولایان هەوڵی سەرۆک بارزانییان بەرز نرخاند بۆ یەکڕیزی و نزیکبوونەوەکانیان، و ئەمەریکاش پاڵپشتیی کردن و هەرکە کورد یەک بگرن ئەوا دنیاش دەتوانێ پشتیوانییان دەکات. هیچ ڕێککەوتنێکی کوردان بەبێ سەرۆک بارزانی سەر ناگرێت و پێویستە سەرۆک بارزانی هەموو کوردان کۆ بکاتەوە، وەک پێشەنگێکی کوردانە، چونکە هیوای کورد بە سەرۆک بارزانییە، ڕاستە ئەمەریکا دیزاینەری ناوچەکەیە و پێویستە ئەویش جێی خۆی بگرێت لەو ڕێککەوتنەدا، بەڵام ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبێ ئەوا هیچ ڕێککەوتنێک نابێت، پێویستە ئەنەکەسە و پەیەدە و تەڤدەم و یەکێتی و پەکەکە و هەموویان بە پشتیوانیی خۆیان هێز بدەن بە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هاوکاری و پشتیوانیی گەلی کورد بکات لە دنیادا و کوردیش بە بەهێزی دەردەکەوێت بەرامبەر دنیا.
لە کۆتاییشدا ئیمان تاشچەر ڕاستەوخۆ باسی کاریزمایی و کەسایەتی سەرۆک بارزانی دەکات و ڕای وایە بە بێ سەرۆک بارزانی هیچ ڕێکەوتنێکی کوردان سەر ناگرێت و دەڵێت
سەرۆک بارزانی بۆ تەواوی گەلی کورد زۆر گرنگە و هەنگاوی زۆر گرنگی بۆ تەواوی کورد هاویشتووە و لە پرۆسەی ئاشتیی باکووری کوردستاندا چووە ئامەد بۆ بەرقراربوونی ئاشتی لەنێو گەلانی ناوچەکەدا، بەڵام بەهۆی هەندێک ئەگەر وەستێنرا، دەبێ لەمەودا پرۆسەیەکی نوێ دەست پێ بکات، چونکە ئەم پرۆسەیە گرێ دراوە بە هەرچوار پاڕچەی کوردستان و پێمان باشە حکوومەتەکەمان لە هەرێمی کوردستان لە نێویاندا بێت و با ئەمەریکا و خودی سەرۆک بارزانی لەنێو پرۆسەکەدا هەبن، چونکە ئەگەر ئەمانە نەبن ئەوا پرۆسەکە درێژە ناکێشێت و پێویستە تەواوی لایەنەکانی کوردستان هاوکاری بکەن بۆ ئەم کارە و ئەوەی دەتوانێت هەموو لایەنەکانی کوردستان کۆ بکاتەوە تەنیا سەرۆک بارزانییە.