ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بۆ ڕاوانەکردنی ڕاپۆرتی سێ مانگەی یەکەمی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕادەسپێردرێت بۆ خۆگونجاندن لە گەڵ خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە لەلایەن حکومەتی فیدڕالییەوە ، هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ، ڕاپۆرتی سێ مانگەی یەکەمی یسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/7 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لە بەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لە گەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە . بۆ ئەم مەبەستەش ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد،ڕێکاریی کارگێڕیی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ( 2) ی ساڵی 2020 خستەڕوو، کە تێیدا بڕیارو پەیڕەو ڕێنمایی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ڕوونکراونەتەوە ، لە گەڵ خستنەڕووی پلانی حکومەت، بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی بەشەکانی تری یاسای چاکسازی ، لە لایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ، لە ئایندەیەکی نزیکدا ، ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات هەروەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەردەم پەرلەمان ، ئاماژەی پێدابوو.