سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی نۆروێژ لە عێراق دوایین پێشهاتەکانی ناوچە تاوتوێ دەکەن

 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نۆروێژ لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەیەکیشدا تۆنی ئاڵێرز نیگەرانیی خۆی بۆ رووداوی پەلاماردانی بارەگای پارتی لە بەغدا بە سەرۆك بارزانی راگەیاند.

رۆژی چوارشەممە 21ـی تشرینی یەكەمی 2020 لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆنی ئاڵێرز باڵیۆزی نۆروێژ لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و، باڵیۆزی نۆروێژ لە عێراق هاوسۆزی و نیگەرانیی خۆی بۆ رووداوی پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، تۆنی ئاڵێرز پیرۆزبایشی لە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كرد كە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەستراوە و بە هەنگاوێكی ئەرێنیی لە قەڵەم دا.

باڵیۆزی نۆروێژ راشیگەیاند وڵاتەكەی بەشێكە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و، رۆڵی هەبووە لە مەشق و راهێنانی پێشمەرگە و جەختی لە ویستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك بارزانی سوپاسی رۆڵی وڵاتی نۆروێژی كرد لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و پێشوازیشی كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداش، سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پەیوەندییەكان ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتووە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە.

هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنیی عێراق و رووداوەكەی گوندی فەرحاتیە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

Back to top button