جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا: دوای پەتای کۆرۆنا دەمانەوێت پەیوەندییەکەی بەهێز لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دابمەزرێنین لە بواری وزەدا
دوای ئهوهی ئهمڕۆ کۆنفرانسی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەمریکا به بهشداری ههریهكه له سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و هەروەها جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا مارک وێزلی مەنێزیس دهستی پێكرد، سەرەتای کۆنفرانسەکە بە قسەکانی جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا مارک وێزلی مەنێزیس، دهستیپێكرد.
مارک وێزلی مەنێزیس وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری لەو کۆنفرانسە، هیوای خواست ئەوە سەرەتایەکی باش بێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا.
مەنێزیس لە سەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی خۆی بۆ ئەو کارمەندانهی تەندروستیی نارد کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان بهختكردووه و دواییش سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی هەر یەکە لە پارێزگاری پێشووی کەرکووک، نەجمەدین کەریم و پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی دەربڕی و جەختیشی لەوە کردەوە کە نەجمەدین کەرم رۆڵ و کاریگەری باش هەبوو لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.
جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا بەشێکی زۆری قسەکانی تایبەت کرد بە هەرێمی کوردستان و تواناکانی هەرێم لە بازاری وزەدا و لەو بارەیەوە گوتی: “هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە لە رووی وزەوه. داوامان لە بەرپرسانی عێراق کردووە کە چاکسازی ریشەیی لە بواری وزەدا بکرێت و ئەوە وا بکات کە وەربەرهێنانی زیاتری ئەمریکی ببینین لە عێراق و هەرێمی کوردستان”.
مارک وێزلی مەنێزیس گوتیشی: “هەرێمی کوردستان دەیەوێت ببێتە سەرچاوەکی باش بۆ بازاری وزە و لەگەڵ عێراق دەبێ لەم بوارەدا هەماهەنگی هەبێت. دوای پەتای کۆرۆنا دەمانەوێت پەیوەندییەکەی بەهێز لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دابمەزرێنین لە بواری وزەدا”.