وەزارەتی پێشمەرگە بەفەرمی شەهیدبوونی ئەفسەرێكی لەلایەن ئاژاوەگێڕەكان ڕاگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی شەهیدبوونی ئەفسەرێكی باڵای وەزارەتەكەی لەلایەن ئاژاوەگێڕەكان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٠ی ١٢ی ٢٠٢٠، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەفسەرێكی باڵای وەزارەت بە پلەی عەقید بەناوی هەمزە محەمەد لەلایەن خۆپیشاندەر شەهید كرا.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی كردووەتەوە، ئەو ئەفسەرە تەمەنی 50 ساڵە و لە شارۆكەی دووكان شەهید كراوە.

ڕۆژی ٧ی ١٢، عەقید هەمزە محەمەد دوای ئەوەی دەچێتە ناو خۆپێشاندەران بۆ ئەوەی ئارامییان بكاتەوە، لەلایەن ئاژاوەگێڕەكان بە بەرد و بلۆك و دار لێی دەدرێت و گیان لە دەست دەدات.

عەقید محەمەد جێگری لیوای 128 دووكان بوو و پێشتر ڕانەگەیەنرابوو بە تەواوی هۆكاری گیان لە دەستدانی چی بوو، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەفەرمی ڕای گەیاند.

ئەو ئاژاوەیەی ژمارەیەك لەو كەسانەی بەناوی خۆپێشاندان دەیكەن، تا ئێستە زیانیان بە زیاتر لە 500 دامەزراوەی حكوومی گەیاندووە.

Back to top button