100 دۆسیەی گەندەڵیی وەزارەتی پێشمەرگە رەوانەی دادگا دەكرێن

خواكوڕك

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاروباری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان لەناو دامەزراوەكانی حكومەت چەند بڕیارێكی دەركرد، یەكێك لەوانە بریتی بوو لە “پێداچوونەوە بە گشت زەوییە كشتوكاڵی و گەشتوگوزارییەكان و رێكخستنەوەیان و لادانی هەر زێدەڕۆییەك لەسەر موڵكی گشتی”بۆ ئەو مەبەستە فەرمانێكی هەرێمی بە ژمارە (8) لە رۆژی 9/5/2016 دەرچووە، بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی و ئامادەكردنی ئامارێكی ورد لەسەر زێدەڕۆییەكان.

لێژنەكە دوای كۆكردنەوەی ئامار لەبارەی زێدەڕۆییەكان، گەیشتووەتە چەند ئەنجام و راسپاردە و پێشنیازێك، هەموو ئەوانەشی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتەكانی ناوخۆ، شارەوانی، كشتوكاڵ، دارایی و ئابووری و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كردووە.

ئەنجامی كاری لێژنەكە كە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، ئەوە بووە كە تێبینی كراوە “زۆربەی زێدەڕۆییە گەورەكان لەسەر زەویی میری لەلایەن خەڵكی خاوەن پۆستی حكومی و پلە باڵاوە كراون”. لیژنەكە دەشڵێت “وەزارەتی كشتوكاڵ و شارەوانی و دارایی و ئابووری، زانیاریی تەواویان نییە لەسەر زێدەڕۆیی لەسەر موڵكەكانیان”.

بەپێی رێنمایی ژمارە 64 كە رۆژی 13/1/2013 لە وەزارەتی كارەبا دەرچووە، وەزارەت ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كردووەتەوە كە رێگە بدەن بە راكێشانی كارەبا بۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی زێدەڕۆییان كراوەتە سەر. ئەوەش سەرپێچیی بڕگە 2ی بڕیاری ژمارە 1181ی ساڵی 1982وە، هەرچەندە فەرمانگەی داواكاری گشتیی سلێمانی و ئەنجوومەنی وەزیرانیش، وەزارەتی كارەبایان لەو سەرپێچییە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام سەرجەم شوێنە زێدەڕۆییەكان كارەبایان پێگەیەنراوە.

لێژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، چەند پێشنیازێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، لەوانەش: گشتاندنێك ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەكان بكات سەبارەت بە ئامادەكردنی ئامار لەبارەی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان كراوەتە سەر. بڕینی كارەبای ئەو شوێنانەی زێدەڕۆییان كراوەتە سەر، چونكە پێدانی كارەبا بەو شوێنانە “تاوانە”. هەروەها گرتنەبەری رێكاری كارگێڕی بەرامبەر ئەو فەرمانبەرە پلە باڵایانەی كە زێدەڕۆییان كردووە، جگە لە حەواڵەكردنیان بۆ دادگا، سزای كارگێڕیشیان بدات.

دۆسیەكانی زێدەڕۆیی لە دادگاكان

كەناڵی رووداو, هەندێك زانیاری لەبارەی ئەو بەشەی راپۆرتی لێژنەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەستكەوتووە كە ئەنجامەكانی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری روونكردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە رێگەی فەرمانگەكانی لە سلێمانی و گەرمیان 3000 دۆسیەی سەرپێچیكارانی زێدەڕۆیی بۆ سەر زەویی میری داوەتە دادگاكانی لێكۆڵینەوە، بەڵام لەو ژمارەیە هیچیان بڕیاری كۆتاییان سەبارەت بە ئیدانەكردنی تۆمەتبار وەرنەگرتووە. هەروەها دادوەران بەپێی پێویست مامەڵەیان لەگەڵ كەیسەكان و تۆمەتباران نەكردووە و زۆربەی كەیسەكان پەراوێزخراون.

جگە لەوەش لە هەندێك لە دادگاكانی لێكۆڵینەوە هەندێك لە كەیسەكان پێداچوونەوەیان پێدا كراوە و بەر لێبوردنی گشتیی ساڵی 2012 كەوتوون، لە كاتێكدا ئەو تاوانە تاوانێكی بەردەوامە. هەروەها جۆرێك لە دژیەكی لە بڕیارەكانی دادگاكانی هەرێم و تەنانەت یەك پارێزگاش هەیە، سەبارەت بە تایبەتمەندی بینینی كەیسی زێدەڕۆیی.

لێژنەكە پێیوایە زۆریی كاری دادگاكانی لێكۆڵینەوە و نەبوونی دادگایەكی تایبەتمەند بە زێدەڕۆیی، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پەراوێزخستنی دۆسیەكان.

پێشنیازی لێژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی دادوەری ئەوەیە كە ئەنجوومەن بەدواداچوون بكات سەبارەت بە هۆكاری ئەنجامنەدانی رێكاری یاسایی بەرامبەر كەیسەكانی زێدەڕۆیی. تەرخانكردنی دادگایەكی لێكۆڵینەوە و كەتن لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بینین و یەكلاكردنەوەی كەیسەكان.

هەروەها پێویستە دادگاكان دادپەروەری پەیڕەو بكەن، لە كاتی رێكارە یاساییەكان جیاوازی لە نێوان تۆمەتبارانی خاوەن نفوزی حیزبی و حكومی و خەڵكی بێ‌ پشت و پەنا نەكەن.

بەشی سێیەمی راپۆرتەكەی لێژنەی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر زێدەڕۆییەكان لەسەر زەویی میری، پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی وەكو: پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە هەیە.
لێژنەكە لە ئەنجامی بەدواداچووندا بۆی دەركەوتووە، سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان رۆڵی نەرێنییان هەبووە لە دروستبوون و زیادبوونی زێدەڕۆیی، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك:

یەكەم: رێگەپێدانی نایاسایی بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆیی، یان چاوپۆشیكردن لە دیاردەكە لەبەر نفوزی حیزبی و حكومیی كەسی سەرپێچیكار كە زۆر جار حیساب بۆ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان ناكات، هەروەك خۆیان بۆ لێژنەكەیان باسكردووە.

دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەركی یاسایی خۆیان سەبارەت بە لابردنی زێدەڕۆیی.

سێیەم: نەبوونی هێزێكی تۆكمە و بێلایەن لەبەردەستی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و تەنانەت هەندێكجار زێدەڕۆیی لەژێر چاودێری و چاوپۆشی هێزە ئەمنییەكان دەكرێ‌، ئەویش لەژێر گوشاری نفوزی حیزبی و حكومیی كەسی سەرپێچیكار، یان بەرامبەر پارە.

چوارەم: نادادپەروەری لە لابردنی زێدەڕۆیی هەیە، لەگەڵ هەندێك كەس توندن، بۆ هەندێكیش هاوكارن.

پێنجەم: زۆربەی بەرپرسانی یەكە كارگێڕییەكان خۆیان تێوەگلاون لە تاوانی زێدەڕۆیی.

شەشەم: سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان زۆر بە سستی مامەڵە لەگەڵ فەرمانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن و تەنانەت هەندێكیان وەڵامی لێژنەكەیان نەداوەتەوە.

لێژنەكە پێشنیاز دەكات: سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان بەپێی یاسا پابەند بن بە لابردنی زێدەڕۆیی. پێكهێنانی هێزێكی تۆكمە و بێلایەن بۆ سەرجەم یەكە كارگێڕییەكان، ناوبەناویش گۆڕانكارییان تێدا بكرێ‌ و بشخرێنە ژێر چاودێرییەوە. جیاوازی نەكردن لە نێوان كەسەكان بەهۆی نفوزی سیاسی و حكومی.

سەبارەت بە ئەنجامی كاری لێژنەكەش لەبارەی وەزارەتی كشتوكاڵ و شارەوانی و دارایی و ئابوورییەوە، لێژنەكە تێبینی كردووە ئەو سێ‌ وەزارەتە هیچ ئامارێكیان لەبارەی ئەو زەوییانە نییە كە زێدەڕۆییان كراوەتە سەر. تەنانەت هەندێكیان نازانن زێدەڕۆیی كراوەتە سەر زەوییەكانیان. هەروەها ئەو وەزارەتانە هیچ سكاڵایەكیان لە دژی سەرپێچیكارەكان تۆمار نەكردووە، یان داوای كرێیان لەبەرامبەر موڵكەكانیان نەكردووە.

لێژنەكە تێبینی كردووە كە هەندێك كارگە و كۆگا و تەنانەت پاڵاوگەی نەوتیش بە زێدەڕۆیی دروستكراون و مۆڵەتیشیان پێدراوە، بەبێ‌ ئەوەی خاوەنی ئەو زەوییە ئاگادار بكرێتەوە كە زێدەڕۆیی لەسەر كراوە.

Back to top button