لاھور جەنگی لە کوشتنی سەرۆکی عەشیرەتێك شکەستی ھێنا

سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە دەڵێت، لە هەولێر لەلایەن پێنج چەکداری دەمامکدارەوە تەقە ئاراستەی پاسەوانەکانی کراوە و ئامانجی تەقەکردنەکەش “کوشتنی من” بووە. ئەو شوێنەیشی کە تەقەکەی لێکراوە لە سنووری مەلا ئۆمەرە لە هەولێر، بەڕێوەبەری ئاسایشی مەلا ئۆمەر يش راگەیاند “چووینەتە شوێنی رووداوەکە و دیارە کە تەقەکراوە، بەڵام جارێ لە لێکۆڵینەوەداین.”
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو (12:15) خولەک روویداوە. شێخ شاهۆ شێخ خالید، سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووه‌ “پێنج چەکداری دەمامکدار چوونەتە سەر باخەکەی من لە هەولێر و تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک تەقە لەنێوان هەردوولادا روویداوە، بەڵام دواتر چەکدارەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.”
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە رۆژی چوارشەممە لە سلێمانییەوە هاتووەتە هەولێر “12 پاسەوانم لەگەڵ بووە، 10 لە پاسەوانەکانم بۆ پشوودان چوونەتە باخەکەم کە لە سنووری مەلا ئۆمەرە [رێگەی نێوان هەولێر – پیرمام] و منیش لای خزمێکم بووم لەنێو هەولێر، بەڵام دیارە ئەو چەکدارانە وایان زانیوە من لە باخەکەمم و بۆیە چوون تەقەیان ئاراستەی باخەکەم و پاسەوانەکانم کردووە.”
سەبارەت بەوەی کە شەڕەکە هیچ زیانێکی لێکەوتووەتەوە یاخود نا؟ شێخ شاهۆ دەڵێت “خۆشبەختانە هیچ یەکێک لە پاسەوانەکانم بریندار نەبوون و چەکدارەکانیش پێموانییە کەسیان برینداربووبێت. بەڵام ئەوان ئامانجیان من بووە و ویستوویانە من بکوژن.” وەکخۆی دەشڵێت “چەکدارەکان لە باخێکی تەنیشت باخەکەی منەوە نزیکی پاسەوانەکانم بوونەتەوە، دوو لەو چەکدارانەش لە خانوویەکی تەنیش باخەکەمەوە کە هێشتا تەواونەکراوە تەقەیان ئاراستەی پاسەوانەکانم کردووە.”
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە ئاماژە بەوەش دەدات “کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ناشزانم ئەوانە کێبوون تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە. سکاڵای یاساییشم لای ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان تۆمارکردووە.”
رائید لوقمان مامەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی مەلا ئۆمەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووه‌ “دیارە دوو بۆ سێ ئاسایش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئەوانیش گوتویانە کە تەقەیان لێکراوە، بەڵام ئێمە جارێ لە لێکۆڵینەوەداین و سەیری ئەو کامێرا چاودێرییانە دەکەینەوە کە لە باخەکانی تەنیشی خۆیەوە هەن. چونکە ئەو باخەی کە دەگوترێت تەقەی لێکراوە کامێرای چاودێری نییە.”
یەکێک لە ئاسایشەکان کە چووەتە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئێمە چووینەتە شوێنی رووداوەکە، تەقەکراوە و لە شوێنی رووداوەکەش ئاسەواری گوللە هەیە. خەڵکی ناوچەکەش درەنگانی شەوی رابردوو گوێیان لە دەنگی ئەو تەقانە بووە.”
Back to top button