بۆچوونی فەرمی پارتی لەبارەی پرسی دەستوور ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرا.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەلێ: وەک یەکەمین فراکسیۆن بۆچوونی فەرمی پارتیمان لەبارەی پرسی دەستوور ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:” وەک یەکەمین فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی فەرمی پارتیمان لەبارەی پرسی دەستوور لە ڕۆژی ۲۳ مانگی ٥ ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
هەورامانی راشیگەیاند :” پرۆسەی ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستور پێویستی بەزەمینەسازی و لێک تێگەیشتنی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان هەیە، ئەمەش ئەوە دەخوازێ گفتوگۆی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان هەبێ و بەڕێز سەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم سەرپەرشتی ئەم گفتوگۆ سیاسیە بکەن ، ژوورێکی سیاسی بۆ دروست بکرێ تا هاوکاربێ بۆ زاڵ بوون بەسەرجیاوازی و خیلافە سیاسیەکان و لەکاتی پێویست دا هاوکاری و پشتیوانی لیژنە دەستوریەکەی پەرلەمان بکات .”
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر گوتی :” پرۆسەکە پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان سەرۆکایەتیەکانی هەرێم هەیە .”