پێشه‌وا هه‌ورامانى: سه‌رۆكى حكومه‌ت گرنگى زۆرى به‌ پرسى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان داوه‌ .. هیوادارین دواى گه‌يشتنى بودجه‌ى بۆ هه‌رێم،ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێته‌ مووچه‌ى خه‌ڵك

له‌ باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى پرسى به‌شه‌ بوودجه‌ى هه‌رێمى له‌گه‌ڵ به‌غدا، پێشه‌وا هه‌ورامانى گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵ بووه‌، تا چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ى به‌شه‌ بودجه‌ و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، پێشه‌وا هه‌ورامانى گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند، هه‌روه‌ك ده‌زانین مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گرنگى زۆرى به‌ پرسى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان داوه‌، دواى دوو رۆژ له‌ سوێندخواردنى جه‌نابیان، سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌ردانى به‌غداى كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پرسه‌ چاره‌سه‌ر بێت.  بۆ زامنكردنى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، دواى ماندوو بوون و كۆبوونه‌وه‌و دانیشتێكى زۆر، ئه‌و كێشه‌ خه‌ریكه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

راشیگه‌یاند، بۆ گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێمان وایه‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى هه‌موو كێشه‌كان، چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ى بودجه‌ و مووچه‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌، بابه‌تى دیكه‌ش هه‌ن پێویسته‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌ دانووستاندن و رێككه‌وتن بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ره‌و باشتر بچێت.

گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان گووتیشى: پرسی دارایی جه‌ختێكى زۆرى بۆ سه‌رهه‌رێمى كوردستان دروستكردووه‌، به‌هۆی بڕیارێكى نایاسایی، خه‌ڵك تووشى ناڕه‌حه‌تى بوونه‌، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه‌ى له‌سه‌ر شانیه‌تى به‌رامبه‌ر حكومه‌تى عێراقى جێبه‌جێى ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ شاندى حكومه‌ت ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ئالیه‌تى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كان، هه‌روه‌ك ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت رایگه‌یاند، كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق، له‌ نزیكترین كاتیشدا به‌شه‌ بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرن.

هه‌ورامانى گووتى: هیوادارین ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دێت، ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێته‌ مووچه‌ى خه‌ڵك، ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ ئێمه‌ له‌ پێش هه‌موو پرسه‌كانه‌وه‌ دێت، تاوه‌كو مووچه‌ به‌ ته‌واوه‌تى بدرێت و ئه‌و خۆگوونجاندنه‌ كۆتایی پێ بهێنرێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانى روونیكرده‌وه‌، ماوه‌ى ساڵێكه‌ حكومه‌تى عێراق هیچ پاره‌یه‌كى بۆ هه‌رێمى كوردستان نه‌ناردووه‌، بۆ ئه‌مه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى ناچاركردووه‌ كه‌ خۆی بگونجێنێت به‌و پاره‌ى له‌به‌رده‌سته‌، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، هیوادارین له‌گه‌ڵ ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌م خۆگونجاندنه‌ كۆتایی پێ بێت، پێشوازیش له‌م هه‌وڵ و ماندووبوونه‌ی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و هه‌موو هه‌وڵێكى پێكه‌وه‌یی، ده‌كه‌ین، كه‌ قازانجى بۆ خه‌ڵكى كوردستان هه‌یه‌.

س:k24

Back to top button