سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 21 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ئیب پیتەرسن جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ( UNFPA ) و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرا بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامیی دانیشتووان.

سەرۆکی حکومەت ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو گەشەپێدانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی تەندروستی و خوێندن و پەرەپێدانی سامانی مرۆیی.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باس لە گرنگیی ڕێگەگرتن لە توندوتیژیی خێزانی و باشترکردنی دۆخی خێزان کرا کە بنەمایەکی گرنگیی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی ئەنجامدانی ئامارێکی زانستیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە هەماهەنگیی لە گەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان، بە مەرجێک پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی ئاماردا، ئەوە لە بەرچاو بگیرێت کە لە هەندێک ناوچەی عێراقدا، بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان ، گۆڕینی دیموگرافی ئەنجامدراوە و سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە هۆی شەڕو ناسەقامگیرییەوە، شوێنەکانیان بە ناچاری بەجێهێشتووە و خەڵکی تر هێنراوەتە شوێنەکانیان.

Back to top button