نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئێران دەکات

شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت “بۆ بەشداریکردنە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران”.
کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رايگەیاند، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و بەشدار دەبن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری نوێی ئێران.
کوێستان محەممەد، کە ئەندامی شاندەکەیەو بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ گوتی: “ئەندامانی دیکەی شاندەکە پێکهاتوون لە محەممەد حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، وەکو نوێنەری حیزبەکانی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
بڕیارە رۆژی سێشەممە 03-08-2021 ئیبراهیم رەئیسی، وەکو سەرۆککۆماری نوێی ئێران ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات لەگەڵ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بکات.
رۆژی پێنجشەممە رەئیسی سوێندی یاسایی دەخوات و لە رێوڕەسمێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکەکەی بە سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەناسێنێت و شاندەکەی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتی فەرمی ئەو وڵاتە بەشداریی رێوڕەسمەکە دەبن.
Back to top button