وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمە دەداتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمە دەداتەوە و دەڵێت “سوکایەتیی بە ناوی پێشمەرگە” کردووە و رێکاری یاسایی لە دژی دەگرنەبەر.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیکمە بەناوی رەحیم عەبودی، لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقی، “سوکایەتیی بە ناوی پێشمەرگە دەکات”، دەشڵێت “ئەو کەسە بەو دەربڕینە شۆڤێنیانەی دەیسەلمێنێت، کە یەکێکە لەوانەی مەبەستیان نییە عێراق ئارام بێت و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەیەکەوە بژین و هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکانی عێراق پارێزگاریاین لێ بکەن”.

وەزارەتی پێشمەرگە “بە تووندی سەرکۆنەی” قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە و “تەواوی ئەو دید و بۆچوونانە” دەکات کە لە چوارچێوەی “شۆڤێنیەت و خۆفەرزکردندا دەیانەوێت رای گشتی بوروژێنن”.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزی پێشمەرگە بەپێی یاسا و دەستووری عێراقی و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عێراقدا کار دەکات و بەردەوامیش دەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “هەموو لایەکیش لەوە تێدەگەن، کە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە، ئاسایش و ئارامیی بەشێکی زۆری ناوچەکان تاوەکو ئێستاش لە مەترسیی زیاتردا دەبوون”.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە “ئەم لێدوانە و لێدوانی هاوشێوە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە گەلی عێراق و پاراستنی یەکڕیزی ناکات. وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئەرکی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی لە دژی ناوبراو [رەحیم عەبودی] بگرێتەبەر”.

 

Back to top button