ئەفغانستان.. باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەستی کرد بە لەناوبردنی بەڵگەنامە هەستیارەکان و “تاڵیبان” نزیک دەبێتەوە لە کابووڵی پایتەخت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی “تاڵیبان” لە کابووڵی پایتەختی ئەفغانستان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا فەرمانی کرد بە کارمەندەکانی کە بەڵگەنامە هەستیار و لۆگۆ و هێماکانی تایبەت بە ئەمریکا لەناوبرن کە دەشێ “تاڵیبان” بۆ مەبەستی بانگەشە بەکاربهێنێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە، بزووتنەوەی “تاڵیبان” کۆنتڕۆڵکردنی شاری شەرانە کە پایتەختی ویلایەتی پەکتیکایە لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان راگەیاند، هەروەها هێرشێکی گەورەی لە چەند لایەکەوە بۆ سەر شاری مەزار شەریف لە باکووری ئەو وڵاتە دەستپێکرد و وێستگەیەکی پەخشکردنی لە شاری قەندەهار کۆنتڕۆڵکرد.
چەکدارانی بزووتنەوەی “تاڵیبان” بەردەوامن لە بەرەوپێشچوون بەرەو کابووڵی پایتەخت و لە ئێستادا پایتەختی 14 ویلایەتیان کۆنتڕۆڵ کردووە و، بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئێستا چەکدارانی بزووتنەوەی “تاڵیبان” 80 کیلۆمەتر لە کابووڵی پایتەختەوە دوورن.
ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ، ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئەفغانستان بە دەست جەنگی وەکالەتەوە دەناڵێنێت و هێزەکانی حکوومەت دەتوانن ئاسایشی وڵات بپارێزێت.
Back to top button