سهرۆك بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە
له یادی شهست ساڵهی ههڵگیرساندنی شۆڕشی مهزنی ئهیلوول ، سهرۆك مهسعود بارزانی پهیامێكی بڵاوكردهوه و رایدهگهێنێت: شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە بوو بە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و فكری و جەماوەری بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری.
دهقی پهیامهكهی سهرۆك بارزانی:
پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی شەست ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو لە پێناو مافە نەتەوەیی و مەدەنییەكانی گەلی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە و بوو بە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و فكری و جەماوەری بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری.
شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی ڕەسەن و خۆماڵیی كوردستان بوو كە تێیدا هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەیەكەوە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون و، بۆ یەك ئامانجی پیرۆز خەباتیان كرد. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی سەروەری و مێژوو و دەستكەوتی گەورە بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكرێن و لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان دەنگ بداتەوە.
هەموو ئەو دەستكەوت و تێكۆشان و گەشەی سیاسیەی لە كوردستاندا هاتووەتە دی درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. بۆیە وانە و بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە ڕووناكی ڕێگەی داهاتوومان.
لە یادی شەست ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو قارەمان و خەباتگێڕانەی ماندوونەناسانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا ڕۆڵیان هەبووە و قوربانیان داوە، چ ئەوانەی لەناوماندا نەماون و ئەوانەی كە هێشتا لە ژیاندا ماون.
لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
مسعود بارزانی
١١ ئەیلوول ٢٠٢١