سەركردەیەكی شیوعی بۆ یەكێتی: ئەگەر پارە و پۆست و ترس نەبێت، نابێ ئێوە لە دەڤەری راپەڕین داوای دەنگ بكەن

سەركردەیەكی شیوعی وه‌ڵامى سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيه‌كه‌ى نێوان یەكێتی و گۆڕان ده‌داته‌وه‌ و ده‌لێ: ئەگەر پارە و پۆست و ترس نەبێت، نابێ ئێوە لە دەڤەری راپەڕین داوای دەنگ بكەن

پاش ئەوەی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان \هاوپەیمانیی یەكێتی و گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكەكەی لە پشكی یەكێتییە\ لە دەڤەری راپەڕینەوە داوای لە خەڵكی كرد، دەنگ بە ”حزبە بچووكەكان“ نەدەن و دەنگدانی بەو حزبانە بە قازانج بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان لێكدایەوە، حزبی شیوعیی كوردستان لەم لێدوانە نیگەران بوو و كەوتە وەڵامدانەوەی سەرۆكە یەكێتییەكەی هاوپەیمانییەكە.

باباعەلی جەباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان لە نووسینێكدا كە لە پێگەی خۆیدا، بە توندی وەڵامی قسەكەی داوەتەوە و رایگەیاندووە :” دەبوایە ئەو وتارەی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە ”لە كەركووك بوایە نەك لە دەڤەری ڕاپەڕین، ئەوەیان بە خەیاڵدا نایەت كە ماددە 21ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ و مادەی 25ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان و لە چەندین بەڵگەنامەی دیكەی جیهانیدا هاتووە كە مافی بەشداریی ئازادانەی سیاسی بە هاووڵاتییان داوە“.

بابا عه‌لى جه‌بارى ده‌شلێ،: ”راستە تای هەڵبژاردن، سەرئێشەیەكی زۆری لەگەڵدایە، بەتایبەتی بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەی كە بەڵێنەكانی ڕابردوویان نەبردووەتە سەر و متمانەی جەماوەریان لەدەست داوە“.

ده‌شلێت،ده‌بێ لەو راستییە تێبگەن كە بە وتاری پۆپۆلیستی، سیستەمی دیموكراسی بونیاد نانرێت، بەڵكوو سیستمی دیموكراسی خۆی لە بوونی نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی هاووڵاتییان لە پەرلەماندا دەبینێتەوە“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە: ”ئەگەر هاوپەیمانیی كوردستان \یەكێتی و گۆڕان\ دەیەوێ ململانێی لیستێكی دیكە بكات و ببێتە هێزی یەكەم، لە ڕێگای پەلاماردانی حزبەكانی دیكەوە نابێت“، بەڵكوو ڕێگەی دیكەی بۆ پێشنیاز كردوون.

ئەو سەركردەیەی حزبی شیوعی بە سەرۆكە یەكێتییەكەی هاوپەیمانیی كوردستان دەڵێت: ”ئەگەر بوێرن و لە مێژووی پڕ شەرمەزاریتان لە ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان ناترسن، با لە كەركووك، شنگال، خورماتوو، خانەقین و ..هتد ئەو وتارە بدەن، نەك لە دەڤەری راپەڕین“.

لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەی بابا عەلیدا راشكاوانە باسی راپەڕینی جووتیارانی دەڤەری ڕاپەڕین بە ڕووی ”زوڵم و زۆری ئێوە“ دەكات و دەڵێت: ”یەكێتی كە لایەنی سەرەكیی هاوپەیمانیی كوردستانییە و بەشێك لە سەركردەكانی هەردوو لای هاوپەیمانییەكەش بەشداریی مەیدانییان لە پەلاماری یەكێتی بۆ سەر بزووتنەوەی جووتیاران كردووە، مێژووی شەڕێكی ناڕەوا و لێدانی بزووتنەوەی جووتیارانی كوردستان و سەركردەی بزووتنەوەكە مامۆستا ئەمینی نەمریان بەدیل گرت و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكی قارەمانیاندا شەهیدیان كردن. ئەگەر پارە و پۆست و ترس و زیندانتان نەبێت و وێژدان حەكەم بێت، نابێت ئێوەی خاوەن ئەو مێژووەی لەو دەڤەرە هەتانە، داوای دەنگی خەڵكی بكەن“

Back to top button