لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بەرکەوتووی چەکی کیمیایی دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات

 

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاشکرای دەکات

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەرکردن دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەمڕۆ تەنها 18 بەرکەوتوو بەڕێکەوتن، بە هۆی ئەوەی ئێران بڕیاری داوە ڕێگە نادات بەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، بڕۆنە وڵاتەکەیان.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەئاماژە بەوە دەکات لە ئیستادا 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، کە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیان لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕی پزیشکی دیاری کراون، ئەمڕۆ 18 کەسیان بەرەو وڵاتی ئێران بەڕێ دەکەون

هاوکات لوقمان عەبدولقادر روونکردنەوە دەدات و دەڵێت :  لەبەر ئەوەی 35 بەرکەوتوویان دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ڕێگەیان پێ نادرێت گەشت بکەن تاکو هەردوو ژەمە ڤاکسینەکە وەردەگرن

ناوبراو هەروەها گوتی : بڕیاری ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووان، ساڵی 2019 دەرچووە و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی بۆ تەرخان کراوە، بەڵام بە هۆی پەتای کۆرۆنا لە کاتی خۆیدا نەتواندرا بەرکەوتووان ڕەوانەی تارانی پایتەختی ئێران بکرێن بۆ چارەسەر.

لوقمان لە کۆتاییشدا داوای بودجەیەکی تایبەت دەکات و گوتی : بەهیواین حکوومەت باشتر کار لەسەر میکانزمی ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووان بۆ چارەسەر بکات، کە بەشێکی بەرکەوتووان چاندنی گلێنەی چاویان بۆ دەکرێت و پێویستیان بەوەیە بەردەوام پزیشک بیانبینێت، بۆیە داوا دەکەین بودجەیەکی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت.

Back to top button