سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى لوبنان كۆبووه‌وه‌

ێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2022/2/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ په‌راوێزى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشندا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌جيب ميقاتى، سه‌رۆك وه‌زيرانى لوبنان، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عيراق و پرۆسه‌ى سياسى، هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى، ئه‌منى و ئابووريى لوبنان و په‌يوه‌ندييه‌كانى لوبنانيان له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان باس كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ لوبنان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ ئاماده‌يى و كار و چالاكييه‌كانى ڕه‌وه‌ندى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ له‌ چه‌ندين بوارى جيادا چالاك و كاران.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز نه‌جيب ميقاتى، سه‌رۆك وه‌زيرانى لوبنان وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌يه‌ك ده‌باره‌ى دۆخى سياسى و ئابوورى و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م وڵاته‌كه‌ى، جه‌ختى له‌ ئاماده‌يى و خواستى لوبنان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ سه‌ردانێكى فه‌رمى، بانگهێشتى لوبنان كرد.

دۆخى په‌نابه‌ران له‌ لوبنان و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسيكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

Back to top button