وەزارەتی کشتوکاڵ روونکردنەوەیەکى بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ى “گه‌نم” بڵاو کردەوە

راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان روونکردنەوەیەکی تايبه‌تى بۆ بە بازاڕکرنی گەنمی جوتیاران و پرکردنەوەی فۆرمەکان بۆ تەسلیمکردنی گەنم لە سایلۆکانی بەغدا بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە ڕوونکردنەوەيه‌کدا راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ينى 25-2-2022 بڵاويكرۆدته‌وه‌ تێدتا هاتووه‌ :”  بۆ زانیاریی سەرجەم جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەم فۆرمە لەسەر ئاستی عێراق ساڵانە پەیڕەو دەکرێت، پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە لەپێناو بەرژەوەندیی جووتیارانە و بۆ زانین و دڵنیابوونی هەر جووتیارێکە، کە بە واقیعی داچاندن دەکات لەسەر زەوییەکەی و مافی ئەوەی هەیە، بەرهەمی گەنمەکەی خۆی تەسلیمی سایلۆکان بکات .

وەزارەتی کشتوکاڵ راشيگه‌ياندووه‌، پڕکردنەوەی ئەم فۆرمانە هەوڵێکە لەپێناو پارێزگاری لە جووتیاری خاوەن ماف و جیاکردنەوەی لە بازرگان و ئەوانەی خاوەن بەرژەوەندین و دەیانەوێت بازرگانی بە مافی جووتیارانی راستەقینەوە بکەن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌روو كه‌ فۆرمەکە دوابەدوای هەناردنی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە سەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکان بۆ جووتیاران پڕ دەکرێتەوە و هەموو لایەک ڕاسپێردراون کە کارئاسانی بکەن بۆ پارێزگاریی مافی جووتیاران لە پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوەکانیان و تاوەکوو 31/3/2022 بەردەوام دەبێت.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ى وەزارەتی کشتوکاڵ هاتووه‌:” بۆ لەمەودوا لە هەموو فەرمانگەیەکی کشتوکاڵی (فۆرم و بەڵێننامە) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ناوچەکەوە پڕ دەکرێتەوە پێویستە مۆری بەڕێوەبەرایەتیی سنوورەکەی لێ بدرێت و نابێت هیچ بڕە پارەیەک بە ناوی (رسوومات) لە جووتیاران وەربگیرێت لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە و بەڵێننامەکە و لە ڕووی یاساییەوە، هیچ پابەندبوونێکی مادی نەکەوێته سەر جووتیار.

له‌كۆتايى روونيشى كردۆته‌وه‌:”وەزارەتمان هانی جوتیاران دەدات کە بەشداری بکەن لە پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە لە ماوەی دیاری کراو ، لەئێستادا بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە،بەووردی بەدواداچوون دەکەین ، لەپێناو باشتر بەرێوەچوونی ئەم پرۆسەیە و سوودی گشتی جوتیاران ،بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانگە کشتوکاڵیەکان .

Back to top button