سەرۆکی هەرێمی کوردستان  له‌گه‌ڵ شاندێكى ئەمريكى كۆبووه‌وه‌

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی  ڕایگەیاند، جۆرێك له‌ چه‌قبه‌ستوويى سياسى له‌ عێراق هه‌يه‌ و تا ئێستا ئه‌و لێكگه‌يشتنه‌ سياسييه‌ نييه‌ پرۆسه‌كه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گرنگى زانى هه‌موو لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌رفه‌تێك هاتووه‌ته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سياسى ڕاسته‌ڕێ بكرێت.

 

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق كرد كه‌ له‌ جۆن برينان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا، جينيفه‌ر گاڤيتۆ ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى عێراق و ئێران، ئيتان گۆڵدريچ ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى وڵاتانى سووريا، لوبنان و ئوردن، مات پێرل نوێنه‌رى تايبه‌تى ئه‌مريكا بۆ كاروبارى سووريا و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى و سياسى و ديپلۆماسى و كونسوڵى گشتيى ئه‌مريكا له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى، دۆخى ئه‌منيى عێراق، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌ عێراق و سووريا، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بڕيارى دادگە‌ى باڵاى فيدراليى عێراق ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

 

لايه‌نى ئه‌مريكى پابه‌نديى وڵاته‌كه‌يان بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و كارى هاوبه‌شى نێوانيان دووپات كرده‌وه‌ و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقيان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌هێز ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى باشتر ده‌پارێزێت.

 

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ جۆرێك له‌ چه‌قبه‌ستووييى سياسى له‌ عێراق هه‌يه‌ و تا ئێستا ئه‌و لێكگه‌يشتنه‌ سياسييه‌ نييه‌ پرۆسه‌كه‌ بباته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گرنگى زانى هه‌موو لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌رفه‌تێك هاتووه‌ته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سياسى ڕاسته‌ڕێ بكرێت. هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌مريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور دووپات كرده‌وه‌.

 

پرسى ئازادييه‌كان و مافه‌كانى مرۆڤ و دۆخى ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Back to top button