نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى سەربازی و ئه‌منیی عيراقى كرد

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 2022/6/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى سەربازی و ئه‌منيى عيراق به‌ سه‌رۆكايه‌تيى جه‌نه‌راڵ عه‌بدولئه‌مير ره‌شيد ياروڵڵا سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاى عيراق كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان فه‌رمانده‌كانى هێزى زه‌مينى، ئاسمانى، پاسه‌وانى سنوور، پۆليسى فيدراڵى، هه‌واڵگرى، هه‌والگریی سه‌ربازى و ئۆپه‌راسيۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و چه‌ند پله‌دارێكى ديكه‌ى سه‌ربازى و ئه‌منى پێكهاتبوو.

 

له‌ ديدارێكدا شانده‌كه‌ پيرۆزبايييان له‌ گۆڕانكارييه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ئه‌و فه‌رمانده‌ و پله‌دارانه‌ خواست كه‌ له‌ پۆسته‌كانى وه‌زاره‌تدا ده‌ستبه‌كار بوون.

 

شانده‌كه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌يان به‌شێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى سوپا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و ئاماده‌يييان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى وه‌زاره‌تى به‌رگريى عيراق له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، نيشان دا.

 

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسى كردن و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌يان په‌يامێكى به‌هێزى پشتگيرى و هاوكارييه‌ و هيواى خواست به‌ چاوى هاوبه‌ش و وه‌ك به‌شێك له‌ سيستمى به‌رگريى عيراقى سه‌يرى پێشمه‌رگه‌ بكرێت كه‌ بۆ هه‌مان ئامانج كار ده‌كه‌ن، ئه‌ويش پاراستنى وڵات و ئارامى سه‌قامگيرييه‌.

 

هه‌ڕه‌شه‌ و جمووجووڵه‌كانى داعش به‌تايبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى كه‌ جوگرافيايه‌كى سه‌خيتان هه‌يه و له‌ ناوچه‌كانى سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سووريا‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى كرده‌وه‌ بۆ بنه‌بڕكردنى يه‌كجاره‌كيى داعش.

 

Back to top button