سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق دەكات

 

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستيج پاولو بيراس باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەبووە و، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی دانیمارك لەبارەی ئەو دوو هاووڵاتیەی دانیماركی كە ماوەیەك پێش لە هەرێمی كوردستان تووشی گرفت هاتبوون.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی لەبارەی بەشداریی هەرێم لە حكوومەتی داهاتوو و پڕۆسەی سیاسیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە مەرجەكانی هەرێم بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا.

Back to top button